964+
دوای تانەدان لە بڕیارەکە
سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژی “شنیار هونەر” دەرچوو
964+
ئەحمەد مستەفا
دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، پێشنیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانی قبوڵکرد و سزای لە سێدارەدانی بەسەر هاوسەری شنیار هونەر سەپاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18.2.2024، ئاودێر عومەر، پارێزەری دۆسیەی گیان لەدەستدانی شنیار هونەر بە 964ی وت، دوای ئەوەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی سەرجەم رێکارەکانی جێبەجێکرد و وتەی شایادحاڵەکان وەرگیرا، دادگا هاوسەری شنیار هونەری بەزیندانی هەتای هەتای سزادا، بەڵام هاوسەرەکەی لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە تانەیان لە بڕیارەکەی دادگا داوە.
دوای پێداچوونەوەی سزاکەی لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، پێشنیاری بۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی کرد، سزاکە قورستر بکات و بیکات بە سزای لە سێدارەدان، ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی دوو لە سلێمانی، پێشنیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانی قبوڵکرد و سزای هەتاهەتایی گۆڕی بە سزای لە سێدارەدان.
23ی مانگی 2ی 2022 دوای مانەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ لەنەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی، شنیار هونەر ئەو ژنە تەمەن 21 ساڵەی کە دەوترا “بەدەستی هاوسەرەکەی سوتێنراوە”، گیانی لەدەستدا، ئەمە دەنگدانەوەی رێکخراوەکان و رای گشتی لێ کەوتەوە.
بەگوێرەی وتەی ئەو پارێزەرە، جگە لە هاوسەری شنیار هونەر، هاوکات کچێکی بەرەگەز عەرەب دەستگیرکرابوو بەناو (ئەنوار) بەڵام ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگا ئازادکراوو و بێ تاوان ناسێنراوە.
پێشتر، ئاودێر عومەر وتبووی، “پاڵپشت بە ئەحکامەکانی ماددە 406 بڕگەی (1-ج) تۆمەتبار سزادراوە، پێمانوایە کوشتن بە سوتاندن دەچێتە چوارچێوەی شێوەیەکی وەحشیانە و ئەوەش دەبێت سزای لەسێدارەدان بێت، بۆیە بڕیاری دادگا تەمیز دەکەین بەنیسبەت هەردوو تۆمەتبارەکە هەم هاوسەرەکەی و هەم تۆمەتبارەکەی دیکەش کە پێمانوایە هۆکاری تاوانەکەیە”.