دوزخوورماتو

لافاو به‌ زیندووه‌كان ناوه‌ستێ و گۆڕی مردووه‌كانیش راده‌ماڵێت

+964

سیروان خورشید- دوزخورماتوو

بەهۆی لافاوەوە ژمارەیەک گۆڕ لە گۆڕستانی ئیمام حەسەن لە دوزخورماتوو رۆچوون، هاوڵاتییەکیش داوا دەکات خەڵک بە هانای گۆڕی کەسوکار و ئازیزانیان بێن.

بەھۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی سنووری قەزای دوزخورماتووی گرتەوە، كه‌ بووە هۆی دروستبونی لافاو لە چەند گەڕەک و شەقامێک، شەوی رابردوو ژمارەیەک گۆڕ لە گۆڕستانی ئیمام حەسەن رۆچوون.

ژماره‌ی گۆڕه‌كان لە نێوان 15 بۆ 20 گۆڕ دەبێت و هەندێک لەو گۆڕانە کۆنن و هەندێکیشیان نوێن، بەڵام بەشێک لەو گۆڕانەی کەوتوونەتە نزمایی، لافاو زیانی زیاتری پێگەیاندوون.

964 سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه‌ی كرد و ئه‌وه‌ی بینی، كه‌ هەندێک لە کەسوکاری مردووه‌كان دێن بۆ چاککردنەوە و دووبارە نۆژەنکرنەوەی گۆڕی مردووانیان و داواش دەکەن ئەوانەی ئاگادارنین، بێن بۆ چاککردنی گۆڕەکانیان.

هاوڵاتی عەلی نامیق، کە بەهۆی لافاوەکەوە گۆڕی خزمێکی نزیکی رۆچووە، له‌وێ ئاماده‌بوو، بە 964یشی وت، “دوێنی ئاگادار کراینەوە لەوەی گۆڕی ئامۆزاکەم بەهۆی لافاوەکەوە رۆچووە و دابەزیوەتە خوارەوە، بۆیه‌ ئەمڕۆ هاتووم چاکی بکەمەوە”.

وتیشی، جگە لە گۆڕەکەی ئه‌وان، ژمارەیەکی دیكه‌ی گۆڕه‌كان بە هەمان شێوە رۆچوونە.

عه‌لی نامیق پێی وایه‌ نابێت گۆڕه‌كان به‌ رۆچوویی بمێننه‌وه‌، چونكه‌ دوورنییه‌ ئاژه‌ڵه‌كان لێی نزیك ببنه‌وه‌ و گۆڕه‌كان زیاتر تێكبده‌ن و هه‌وڵی ده‌رهێنانی لاشه‌ی مردووه‌كان بده‌ن.

قەزای دوزخورماتوو چوار گۆڕستانی گەورەی تێدایە و سێ گۆڕستانی لە ناو سەنتەری قەزاکەدایە و گۆڕستانی ئیمام حەسەیش بە دووریی 2 کیلۆ مەتر دەکەوێتە دەرەوەی قەزاکە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

گۆڕستانەکانی دوزخورماتوو شوێنی مردووی تێدا نەماوە

گۆڕستانەکانی دوزخورماتوو شوێنی مردووی تێدا نەماوە