بەشێک لە گەڕەکەکانى هەولێر بێئاو دەبن

کارەباى ئاوى ئیفراز 2 سووتاوە و بۆ چاککردنەوەی 20 رۆژی پێویستە

964+

وریا فەتاح

بەهۆى هەورەبروسکەوە، بەشى کارەبایى پڕۆژەى ئیفراز دوو سوتا و 20 رۆژى پێویستە تا چاک دەکرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێریش ناوى ژمارەیەک گەڕەک ئاشکرا دەکات کە توشى گرفتى کەمئاوى دەبن.

زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر بە 964ـى وت،”بەهۆى رەوشى کەشووهەوا و هەورە تریشقە، پڕۆژەکانى ئاوى هەولێر توشى گرفت بوون، بەتایبەت پڕۆژەى ئیفراز دوو کە بەتەواوى وەستا و بەشى کارەبایى پڕۆژەکە لەکار کەوت”.

بەوتەى سەرسام، بەهۆى سوتانى بەشى کارەبایى ئیفراز  دوو، بۆ ماوەى 20 رۆژ بەشێک لە گەڕەکەکانى هەولێر کە بریتین لە گەڕەکەکانى(کوێستان، ئارى، سەڵاحەدین، عولەما و بەشێک لە گەڕەکى بەختیارى و کوردستان)، توشى گرفتى کەمئاوى دەبن.

بۆ چارەسەرى گرفتەکە، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر دەڵێت: بەناچارى سەرەڕاى لێڵبونى پڕۆژەى ئاوەکە و بەرزبونەوەى ئاستى ئاوى زێى گەورە لە نزیک پڕۆژەکان، بەڵام هەوڵ دەدەین لە رێگەى ئیفراز یەک و سێ، گرفتى ئەو گەڕەک و ماڵانە چارەسەر بکەین کە بەهۆى وەستانى ئیفراز دوو، توشى گرفتى کەمئاوى دەبن.

وەک ئەوەى بەرێوەبەرى ئاوى هەولێر ئاماژەى پێدەکات، بەپێى ئەو پلانەى دایانڕشتووە، دەتوانن بەڕێژەى 96%ى گرفتى کەمئاوى ئەو گەڕەکانەى دەکەونە سەر پڕۆژەى ئیفراز دوو چارەسەر بکەن، بەڵام 6%ى ماڵەکانى ئەو گەڕەکانە ئاویان پێناگات و هەوڵ دەدەن لە رێگەى تانکەرەوە بۆیان دابین بکەن.

جگە لە بەگەڕخستنى پرۆژەى ئاوى ئیفراز یەک و سێ بۆ قەرەبوکردنەوەى وەستانى پڕۆژەى ئیفراز دوو، ئاوى هەولێر فەرمانی کردووە، سەرجەم ئەو بیرانەى لەوەرزى زستاندا کوژێنراونەتەوە، هەڵبکرێنەوە و ئاو دابین بکەن.

“چارەسەرکردنى گرفتە کارەباییەکەى پڕۆژەى ئیفراز دوو پێویستى بە 20 رۆژە، چونکە بەشێک لە ئامێر و پێویستییەکانى پڕۆژەکە کە بەهۆى هەورە بروسکەوە سوتاون، لە دەرەوەى وڵات و بەغدادەوە دەهێنرێن”، بەڕێوەبەرى ئاوى هەولێر واى وت.

ئەمڕۆ ئیفراز سێ دەكرێتەوە

ئەمڕۆ ئیفراز سێ دەكرێتەوە