یەکێک لە شەقامەکانی کەنەکەوەی سلێمانی لەدوای بارانبارین. فۆتۆ: 964
باران بەردەوام دەبێت
رێژەی بارانەکەی سلێمانی ساڵی رابردووی تێپەڕاند
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی 41.2 ملیم باران باریوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگاکەش دەڵێت، کۆی گشتی رێژەی بارانبارین ساڵی رابردووی تێپەڕاند.
ئەمڕۆ هەینی 16.2.2024، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 40.8 ملیم باران زیاترە لە ساڵی رابردوو تا ئەم رێکەوتە.
کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ گەیشتووەتە 377.8 ملیم، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 337 ملیم باران باریبوو، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی وا دەڵێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی باران بارین لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دوبارە چالاک دەبێتەوە و ناسەقامگیری لە کەشوهەو بەردەوام دەبێت و بارانبارین بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەروە تریشقە و لێزمە بارانی بەخوڕ دەبێت.