وەبەرههێنانی سلێمانی: 2022 باشتر بوو لە ساڵانی رابردوو

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ڤیدیۆ

وەبەرھێنانی سلێمانی ئاماری ساڵی 2022ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ دا زۆرترین پڕۆژە لە سلێمانی جێبەجێکراوە، بەراورد بە ساڵانی پێشتر.

عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ئامارەکانی خستەڕوو، رایگەیاند، لە 2022دا 39 پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە و ئامادەکاریی بۆ 15ی دیکەش کراوە.

ئەوە لەکاتێکدا، لە ساڵی 2021، تەنیا 14 پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە.

عەزیز سەعید وتی “ئەگەر بەراوردێک بکرێت لە نێوان شارەکان، توانراوە سەدا 54ی سەرمایەی پڕۆژەکان لە سلێمانی بێت و ژمارەی مۆڵەتەکانیش زیاتر بێت”.

بەپێی ئامارەکان، هەر لە ساڵی رابردوو، 281 پرۆژە پێشکەش کراوە، بەڵام شارەوانی سلێمانی 77 دانەیانی رەتکردووەتەوە و زەوی بۆ دابین نەکردوون.

ئەوەش هاتووە، کە ئەو پرۆژانە دەبنە هۆی دابینکردنی 15 بۆ 20 هەزار هەلیکار لە داهاتوودا.

لەبارەی جۆری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنانی سلێمانی دابەشیکردوون بەسەر سێ جۆر، “یەکێکیان بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، یەکێک بە قیست و خاوەن پرۆژە دیاریدەکات هەروەها جۆری سێیەم بۆ خەڵکێک کە باری دارایی باشە”.