سوودەکانی چین؟
لە سلێمانی و دهۆک پڕۆژەی “هەژماری من” دەستیپێکرد
964+
پێشەوا محەمەد
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی پڕۆژەی “هەژماری من”ـی لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک راگەیاند و هاوکات لە پارێزگای هەولێریش بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئامارەکان، کە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەت لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ئەمساڵدا بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەر “هەژماری من”ـیان بۆ کراوە و کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە.
ماڵپەڕی تایبەت بە هەژماری من، کە سەر بە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمە بڵاوی کردووەتەوە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێت بە ناوەندێک کە تیایدا مامەڵە بە پارەی کاش نەمێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە بەدیجیتاڵکردنی پڕۆسەی مووچەدان بۆ زیاتر لە یەك ملیۆن سوودمەندانی کەرتی گشتی کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023ـەوە دەستپێکردووە.
بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، ئامانج لەو دەستپێشخەرییە رێکخستنی شێوازی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و پەرەپێدانی ئاسایشی دارایی و دابینکردنی کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی داراییە بۆ سودمەندان لەوانەش هەژماری پاشەکەوتکردن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش سوودی دروستکردنی ئەو هەژمارەی بۆ فەرمانبەران دەستنیشان کردووە، کە بریتین لە:
*ئاگادارکردنەوە لە کاتی دابەشکردنی موچە.
*راکێشانی پارە لە هەموو ئامێرێکی ئای تی ئێم.
*سوودمەندبوون لە ژمارەیەکی زۆری خزمەتگوزارییە داراییەکان.
*لە سەرانسەری جیهاندا کاری پێدەکرێت.
*پاداشتی هاوبەشیکردن وەردەگریت.
*ئاسایشی دارایی باشتر بەدەستدەهێنیت.