دیمه‌نى چه‌ند كه‌سێكی پێنجوێن له‌كاتى به‌شداریان له پڕۆژه‌ى شاره‌كه‌یان... وێنه: سۆشیاڵ میدیاى پێنجوێن
یونسكۆ سه‌رپه‌رشتى ده‌كات
له بازیانیش پڕۆژەی “شارى فێربوون” جێبه‌جێ ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ماوه‌ى نزیكه‌ى ساڵێكه له قه‌زاى پێنجوێن پڕۆژه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تى به‌ناوى (شاری فێربوون) ده‌ستیپێكردووه، قایمقام ده‌ڵێت، له بازیان داوایان كردووه هه‌مان پڕۆژه جێبه‌جێ بكه‌ن و له گوندێكی سه‌یدسادقیش جێبه‌جێ ده‌كرێت.
پڕۆژه‌ى (شارى فێربوون) له‌لایه‌ن رێكخراوى یونسكۆى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت و تا ئێستا له 62 وڵاتى جیهان جێبه‌جێكراوه كه نزیكه‌ى 200 شارى جیهان ده‌گرێته‌وه.
زانا ره‌حمان، قایمقامى پێنجوێن به 964ـى وت، ماوه‌ى نزیكه‌ى ساڵێكه ئه‌م پڕۆژه‌یه هێندراوه‌ته قه‌زاكه‌یان و به‌شێوه‌ى كرداریش ماوه‌ى حه‌وت مانگه كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
وتیشی “به‌م دواییانه قه‌زاى بازیانیش داوایان كردووه هه‌مان پڕۆژه له سنووره‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن و ئه‌مڕۆش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌نجام دراوه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد له گوندێكى قه‌زاى سه‌یدسادقیش ئه‌و پڕۆژه‌یه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌قسه‌ى قایمقام، پێنجوێن له چوارچێوه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا توانیویه‌تى راهێنانى ژینگه‌یی به 11 هه‌زار قوتابی و راهێنانى پاكوخاو‌نێى و رووخۆشیی به دوو هه‌زار دوكاندار و چاندنى 29 هه‌زار دار توو و هه‌ڵمه‌تى كۆكردنه‌وه‌ى پیل، ئه‌نجام بدات.
به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیارى بۆ شێرپه‌نجه‌ى مه‌مك بۆ ژنان و كۆكردنه‌وه‌ى ماتۆڕسواره‌كان و رێنمایی پێدانیان بۆ سه‌لامه‌تیان، له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م پڕۆژه بووه.
زانا ره‌حمان ده‌ڵێت، دواى دوو ساڵ كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه، ئینجا رێكخراوى یونسكۆ بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌دات بۆئه‌وه‌ى دانى پێدابنێت.