هاندەرانى مەدرید دڵخۆشن

ڤینیسیۆس و رۆدیگەر گەڕانەوە

964+

وریا فەتاح

لە لیستى یاریزانە بانگهێشتکراوەکانى ریاڵ مەدرید بۆ رووبەڕووبوونەوەى جیرۆنا، ناوى ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئەنتۆنى رۆدیگەر دەبینرێت و پێدەچێت هەردووکیان لەسەرەتاوە یارى بکەن.

هەردوو یاریزانەکە، ئەمڕۆ هەینى بەشدارى مەشق و راهێنانە بەکۆمەڵەکانى یانەکەیان کردووە، بەڵام ناچۆ فێرناندێز بەهۆى پێکانى ماسولکەیى ئامادە نابێت و ناوى لە لیستەکەدا نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڤینیسیۆس یەکشەممەی رابردوو بەهۆی پێکانەوە لە دوایین یاری تیپەکەی بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید بەشداری نەکرد، بەڵام لە دوو رۆژى رابردوودا بەشدارى مەشقە بە کۆمەڵەکانى کردووە.

لای خۆیەوە، رودیگەر ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار گەڕایەوە مەشقە بەکۆمەڵەمان، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی کێشەیەکی سەخت لە رانی چەپیدا، ماوەیەک بوو لە یاریگا دوورکەوتبووەوە.

پێدەچێت، کارلۆ ئەنچیلۆتیرڕاهێنەری ئیتاڵی ناچار بێت گەڕانەوەی یاریزانە ئەڵمانییەکە بەرامبەر جیرۆنا خێراتر بکات، چونکە لە ئێستادا هێڵى بەرگرى مێرەنگى بەدەست پێکانەوە دەناڵێنێت و هەریەک لە میلیتاوى بەڕازیلى و دەیڤد ئەلاباى نەمسایى ماوەیەکى زۆرە پێکراون و ناچۆش بەشدارى یارییەکە ناکات.

بڕیارە کاتژمێر 8:30 خولەکى ئێوارەى سبەینێ، یانەى ریاڵ مەدریدى پێشەنگى لالیگا، میواندارى یانەى جیرۆناى خاوەن پلەى دووەمى ریزبەندى بکات کە جیاوازى نێوانیان تەنیا دوو خاڵە.

کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەرى مەدریدییەکان، سەرسامە بە جیرۆنا و لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى ئەمڕۆیدا وتى،” ئەوان رکابەرێکى سەرەکین و ئاستێکى نمونەییان پێشکەش کردووە، بەڵام ئێمە دواى یەکسانبوونەکەمان بەرامبەر ئەتڵەتیکۆ بە ئارەزووى سەرکەوتنەوە دەچینە یارییەکەوە”.

ڤینیسیۆس دەگەڕێتەوە یاریگاکان

ڤینیسیۆس دەگەڕێتەوە یاریگاکان