منداڵانی ئیشکەر لە شەقامەکان. وێنە :964
توێژینەوەی زیاتر وەردەگرن
کۆنفرانسی باڵای پاراستنی منداڵ سێ مانگ دوادەخرێت
964+
پێشەوا محەمەد
کۆنفرانسی باڵای پاراستنی منداڵ لە مانگی حوزەیران ناکرێت و بۆ مانگی ئەیلول دوادەخرێت، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئامانج لە دواخستنەکە وەرگرتنی توێژینەوەی زیاترە.
کۆنفرانسەکە شەش مانگ زیاترە کاری بۆ دەکرێت و بڕیار بوو لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، بەڵام لیژنەی باڵای کۆنفرانسەکە بڕیاری دواخستنی داوە بۆ مانگی نۆ.
“دەمانەوێت دەرفەتی زیاتر بدەین بەوانەی لە بواری منداڵدا توێژینەوە دەکەن، بە تایبەت کۆمەڵێک توێژینەوە کە بۆ وەزارەتی کار پێویستن بۆ کارکردنی لە داهاتوودا”، ئەوە قسەی ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمە بۆ 964.
دەشڵێت، لە کۆنفرانسەکەدا پرسەکانی تەندروستی، کارپێکردن، برسێتی و توندوتیژی و ئیستیغلالکردنی منداڵ گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و هەوڵ دەدرێت رێگەچارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، کە دەست 964 کەوتووە، هەزار و 213 منداڵی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و 500 لەوانە منداڵی ناوخۆن و ئەوانی تر هی دەرەوەی هەرێمن.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کار وتیشی، “هەموو ئەو باسانەی پەیوەندییان بە منداڵ و کۆمەڵگە و خێزان و کێشەکانیانەوە هەیە باس دەکرێن و دواتر سەرجەم ئەنجامەکان و توێژینەوەکان لە گۆڤارێکی زانستیدا چاپ دەکرێن و بڵاودەکرێتەوە”.