بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگای ملەکەوەی پێنجوێن داخرا

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەهۆی بارینی بەفر و مقەستکردنی تانکەرێکی سووتەمەنی، رێگای ملەکەوە بە تەواوی داخرا.

تیمی رێگاوبان و پۆلیسی هاتوچۆ لە ملەکەوەن و سەرقاڵی کردنەوەی رێگاکەن و تا ئێستاش رێگاکە نەکراوەتەوە.

لەو بارەیەوە، ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، کاتژمێر 11:00ی ئەمشەو ئاگادار کراونەتەوە کە تانکەرێکی سووتەمەنی لە ملەکەوە مقەستی کردووە و هاوکات بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگاکە بە تەواوی داخراوە.

باسی لەوەش کرد، ئێستا نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل لە ملەکەوە گیریان خواردووە، بەشێكی دیکەی ئاستەنگییەکەش ئەوەیە، ئەو بارهەڵگرانەی لە ئێرانەوە هاتوون و لە هەورازی ملەکەوە وەستابوون، ئێستا ناتوانن سەربکەون.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمی رێگاوبان لە سلێمانییەوە هاتوون و سێ ئۆتۆمبێلیان بۆ پاککردنەوەی رێگاکە لە بەفر پێیە و هاوکاری بارهەڵگرەکانیش دەکەن و رایاندەکێشن تا لە ملەکەوە رزگاریان ببێت.

ئەمیر سۆفی جەمال ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا بەفربارین بەردەوامە و هاوکات تەم تەواوی ملەکەوەی گرتووەتەوە و داوایکرد هاوڵاتیان تا بتوانن رێگاکە بەکارنەهێنن.

ملەکەوە بەشێکە لە رێگەی پێنجوێن بۆ سلێمانی.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

تانکەرێکی سووتەمەنی لە ملەکەوە کەوتە سەرلا

تانکەرێکی سووتەمەنی لە ملەکەوە کەوتە سەرلا