80 پاس گیریان خواردبوو
گەشتیارانی حەسەن بەگ رزگار کران
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر ئەو پاسانەی لە چیای حەسەن بەگ لە ناو بەفردا گیریان خواردبوو، رزگار کران.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە پاسی گەشتیاری لە چیای حەسەن بەگ کە گەشتیاریان بردبووە ناو بەفر، بەهۆی بەفر و بەستنی رێگاکە گیریان خواردبوو.
بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتووە، ژمارەی گەشتیارەکان زیاتر لە 900 کەس بوون، ژن و منداڵ و پیاو بوون، هەموویان بە سەلامەتی رزگاریان بوو، تەنیا یەک پاس لەوێ جێهێلدراوە بەهۆی دەرچوونی لە رێگا نەتوانراوە دەربهێندرێت.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، “تەواوی پاسەکان بە سەلامەتی رزگار کران، تەنیا یەک پاس لەوێ ماوە، کە نەفەرەکانی ئەو پاسەشمان بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆمان هێنایە خوارەوە، کارەکە سەخت بوو بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و بەردەوام”.
وتیشی، تیمەکانی رێگاوبان و شارەوانی و بەرگری شارستانی لە رزگارکردنی ئەو گەشتیارانە بەشدار بوون، تیمی بەرگریی شارستانی پێکهاتبوون لە تیمەکانی رزگار کردن، تیمی ئامادەباشی، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دیانا.
چیای حەسەن بەگ دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە وەرزی زستان بەهۆی نزیکیی لە سۆران، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی لێدەکەن بە مەبەستی چوونە ناو بەفر، ئەوانەی سەردانی دەکەن زیاتر ئەو گەشتیارانەن لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی