بە هۆی بەفرەوە

گه‌شتیارێكی زۆر له‌ چیای حه‌سه‌ن به‌گ گیریان خواردووه‌

964+

ئاکام غەفور

ژمارەیەکی زۆر پاسی گەشتیاری لە چیای حەسەن بەگ بەهۆی بەفر بارینەوە گیریان خواردووە.

ئەو شوێنەی پاسەکان گیریان لێ خواردووە لۆفەکانی سەری بەردە لە حەسەن بەگ، پاسەکان ژمارەیان زۆرە بەشی زۆریان گەشتیاریان بردووە بۆ ناو بەفر.

هێمن جەعفەر یەکێک لەو شۆفێرانەی لەوێ گیری خواردوە بە 964ـی وت،”نزیکەی 80 پاس دەبین لە ناو بەفر گیرمان خواردووە، ناتوانین بێینە خوارەوە و  داواکارین بەهانامانەوە بێن”.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ـی وت، وەک بەرگریی شارستانی تا ئێستا ئاگادار نەکراوینەتەوە لە بوونی هیچ حاڵەتێک و ئاگادار نین، هەر کات ئاگادار کراینەوە لەگەڵ تیمەکانی رێگاوبان ئامێری پێویست دەبەین بۆ کردنەوەی رێگاکە.

خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سۆران بە 964ـی وت، ئامێرێکی پاککردنەوەی رێگاوبانیان ناردووە بۆ پاککردنەوەی چیای حەسەن بەگ، بەڵام بەهۆی بەستنی رێگاکاوە پاسەکان ناتوانن بێنە خوارەوە، ئۆتۆمبێلی دیکەیان ناردووە بۆ ئەوەی خوێ بڕێژێت و رێگاکە نەیبەستێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی