شارەوانی سلێمانی دەبێتە زەی مۆحەد
964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
لەمەودوا فەرمانبەرانی شارەوانی سلێمانی دەبێت بە جلوبەرگی یەکپۆشیی دەوام بکەن، پێنج بەڕێوبەرایەتی سەر بە شارەوانی سلێمانین و ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە.
سەردەشت رەفیق، بەڕێوبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لە ساڵی نوێوە بڕیارەکە دەرچووە و هەموو فەرمانبەرانی شارەوانی دەبێت یەک جۆر جلوبەرگیان لەبەر بێت.
“بڕیارەکە بۆ ئەوەیە فەرمانبەران و ئەو هاوڵاتیانە لێکجیابکەینەوە کە سەردانمان دەکەن، هەروەها جلی رەنگاوڕەنگ نەمێنێ و سیمایەکی جوانیش ببەخشێت بە شارەوانی سلێمانی،” بەڕێوبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی وای وت.
لە بڕیارەکەی شارەوانی سلێمانیدا هاتووە، بۆ پیاوان و ژنانی شارەوانی تەنیا جلوبەرگی رەنگی رەش، نیلی و رەساسی رێگەپێدراون بیانپۆشن.
بڕیارەکەی سەرۆکایەتی شارەوانی ناڕازیەتی لای بەشێک لە کارمەند و فەرمانبەرەکانی دروستکردووە.
فەرمانبەری یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی، کە نەیویست ناوی بڵێت بە 964+ی وت، “ئێمە ناڕازین بەو بڕیارە، چونکە دەبێت خۆمان جلوبەرگەکان بکڕین و بارودۆخی فەرمانبەر لەوەدا نییە خۆی جل بکڕێت.”
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی لە پێنج بەڕێوبەرایەتی پێکهاتووە کە ئەوانیش شارەوانییەکانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، تاسڵوجە راپەڕین و بەکرەجۆن.