دیمەنێک کە باران بارین لە قەزای پێنجوێن نیشان دەدات - وێنە: ئەرشیفی 964
گاز و بەنزینیان نییە
هاتوچۆى پێنجوێن ئیش بە ئۆتۆمبێلەکانیان ناکەن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى سلێمانى بە هاتووچۆى پێنجوێنیان وتووە، ئیش بە ئۆتۆمبێلەکانیان مەکەن ئەگەر بۆ کارى زۆر پێویست نەبێت، ئەوەش بەهۆى نەبوونى سوتەمەنى بۆ ئۆتۆمبێلەکان.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزای پێنجوێن بە 964ی ووت،”لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانییەوە پێیان راگەیاندووین کە کێشەی سووتەمەنییان هەیە، لەبەر ئەوە ئۆتۆمبێلەکان دەرنەکەن مەگەر بۆ کارووباری زۆر زۆر پێویست نەبێت”.
بەپێى زانیارییەکانى 964، بڕیارەکە لەلایەن بەشی ئامێرسازی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانیەوە بەشێوەیەکى کاتى دەرکراوە، وەک ئەوەى سەرچاوەکەى پۆلیسى هاتووچۆى پێنجوێنیش دەڵێت:سوتەمەنییەکى زۆر کەم لەئۆتۆمبێلەکانى هاتووچۆدا ماوە و ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت گرفت دروست دەبێت، چونکە لە ئێستادا بۆ کارى زۆر پێویست نەبێت ناتوانن ئۆتۆمبێلەکان دەربکەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزای پێنجوێن، خاوەنی حەوت ئۆتۆمبێلە کە پێنجیان بە بەنزین کاردەکەن و دوانەکەی دیکەش بە گاز کاردەکەن.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح