قەرەباڵغی زۆر دروست دەبێت

لە سلێمانی داوای دروستکردنی گەراج دەکرێت بۆ مزگەوتەکان

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

رۆژانی هەینی و کاتی پرسە بەردەم مزگەوتەکان قەرەباڵغن و هاتوچۆ ئەستەم دەبێت، بەشێک لە نوێژخوێنان دەڵێن، پێویستە مزگەوتەکان گەراجی تایبەتیان بۆ دروست بکرێت.

مەحمود ئیسماعیل، دانیشتووی گەڕەکی سەروەرییە لە شاری سلێمانی ماڵەکەی لە نزیک مزگەوتی حاجی رەزا چەرمەگایە، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “ئێمە رۆژانی هەینی و کاتی پرسە ناتوانین ئۆتۆمبێلەکانی خۆشمان رابگرین لەبەردەرگاکانمان و هاتوچۆمان بۆ ناکرێت”.

هەروەها ئارام رەسوڵ، کە بۆ نوێژی هەینی سەردانی هەمان مزگەوت دەکات بە 964ـی وت، “قەرەباڵغی بەردەم مزگەوتەکان کێشەیە، هەم بۆ ئەو ماڵانەی دراوسێی مزگەوت، هەم بۆ نوێژخوێنان، من خۆم بەسەرم هاتووە هاتوومەتە دەرەوە پشت و پێشی سەیارەکەم گیراوە نیو کاتژمێر چاوەڕێم کردووە تا ئەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە لەم مزگەوتە هاتوونەتە دەرەوە و ئۆتۆمبێلەکانیان لابردووە”.

لە سلێمانی زیاتر لە 700 مزگەوت بوونیان هەیە و نزیکەی 200 مزگەوتیان گەراجیان هەیە.

عوسمان حەمەد، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی نوورسی لە گەڕەکی زەرگەتەی کۆن لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دروستبوونی ئەو قەرەباڵغەییە لە چواردەوری مزگەوتەکان لە رۆژانی هەینی و پرسەدا گونجاو نییە، بەڵام بە بڕوای ئەو چارەسەریشی نییە و خەڵک ناچارە ئۆتۆمبێلەکەی رابگرێت.

وتیشی، “واباشترە ئەوانەی لە مزگەوتەکانەوە زۆر دوور نین ئۆتۆمبێل نەهێننە مزگەوت و کەمێک قەرەباڵغییەکە کەمبکەنەوە”.

بەپێی رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی 2019ـەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، دەبێت لەکاتی دروستکردنی مزگەوتدا 20%ی زەوی تەرخانکراو بکرێت بە گەراج.

هاوژین رەئوف، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە 964ی وت، “راستە ئەو رێنماییە هەیە بەڵام خێرخوازان زۆرینەی مزگەوتی بچووک دروست دەکەن و لەبەر بارودۆخەکە ناکرێت مەرجی دروستکردنی گەراجیان بەسەردا بسەپێنین، بەڵام بۆ مزگەوتی گەورە کاتێک رەزامەندی دەدەین هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی دەکەین و گەراج دروست دەکرێت”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

شارەوانیی هەولێر مزگەوتەکان دەشوات و سەلەی زبڵیان بۆ د...

شارەوانیی هەولێر مزگەوتەکان دەشوات و سەلەی زبڵیان بۆ دابین دەکات