یەکەم جارە
دەرمانخانەیەکی فێرکاری لە زانکۆی دهۆک کرایەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە کۆلیژی دەرمانسازی لە زانکۆی دهۆک دەرمانخانەیەکی فێرکاری کرایەوە، دەرمانخانەکە بۆ ئەو خوێندکارانەیە لە کۆلێژەکە دەخوێنن و تا دوای دەرچوونیان لە زانکۆ بتوانن فێری هەموو جۆرە دەرمانەکان ببن و بیانناسن.
ئەو دەرمانخانەیە بۆ یەکەم جارە لە زانکۆی دهۆک دەکرێتەوە و کۆی خەرجییەکانی لە لایەن کۆلێژەکەوە دابین دەکرێت.
سۆزان عومەر، راگری کۆلێژی دەرمانسازی لە زانکۆی دهۆک بە 964ـی وت، “ئەو دەرمانخانەیە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ خوێندکارەکانمان و ئەم بیرۆکەیە لە ساڵی 2018ـەوە دروست بووە، ئێستا کارمان تیادا کرد و خوێندکاران فێری ناسینی دەرمان و کڕین و فرۆشتن دەبن تیایدا”.
وتیشی، “ئێمە سیستمی کۆمپیوتەریشمان لە دەرمانخانەکە داناوە هەروەکو ئەوەی لە بازارەکان هەیە، بۆ ئەوەی خوێندکارەکان بە تەواوی لە کارکردنی خۆیان شارەزابن و لە کۆگاکان دەرمانی ئیکسپایەرمان هێناوە تەنیا بۆ راهینانکردن لەسەری”.
زانکۆی دهۆک لە ساڵی 1992 دامەزراوە و 20 کۆلێژی هەیە و لە کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆکە 420 خوێندکار دەخوێنن.
“ئەمە هەنگاوێکی گەورەی زانکۆی دهۆکە بۆ ئەوەی خوێندکارەکانمان لە دوای تەواو بوون لە کۆلێژی دەرمانسازی شارەزاییەکی زۆر باشیان هەبێت لە ناسینی دەرمانەکان”، ئەوە قسەی داود سلێمان ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆکە بۆ 964.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد