تەواوی دوکان و بازاڕەکان داخراون

لە بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵات مانگرتن دەستی پێکرد

964+

توانا نەقی

دوای ئەوەی حەوت رێکخراوی مافی مرۆڤ دوێنێ داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا لە پێنج شار مانگرتنەکە دەستی پێکردووە.

مانگرتنەکە وەک ناڕەزایەتییەکە دژی ئەوەی بەیانی زووی دوێنێ دووشەممە 29.1.2024 سزای لە سێدارەدان بۆ چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، جێبەجێکرا.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی سەرۆکی رێکخراو مافی مرۆڤی هەنگاو بە 964ـی وت، لە هەریەک لە شارەکانی سنە، سەقز، بۆکان، مەهاباد و دیواندەرە مانگرتن دەستی پێکردووە و بەردەوامە.

وتیشی، هێڵەکانی ئینتەرنێت بە تەواوەتی لەو شارانە خاوبوونەتەوە و بەبەردەوامی لە بەرەبەیانەوە هێلیکۆپەتەر بەسەر ئەو شارانەدا دەسوڕێنەوە.

بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی دەست 964 کەوتووە، لە هەریەک لەو شارانە بە تەواوی دوکان و بازاڕ و شەقامەکان داخراون وەک ناڕەزایەتییەک دژی لە سێدارەدانی کورد لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە دراوە بە 964 تەنیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ 67 کەس لە سەرتاسەری ئێران لە سێدارە دراون لەوانە 33 کەسیان کوردن، شەش کەسیان زیندانکراوی سیاسی بوون.

سبەینێ لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی...

سبەینێ لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەریە