سابرینا سینگ جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی پێنتاگۆن. وێنە: ئاژانسەکان.
40 سەرباز بریندارن
پێنتاگۆن: هێرشەکە شوێن پەنجەی حزبوڵای عێراقی بەسەرەوەیە
964+
فەهمی نەبی
جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی پێنتاگۆن دەڵێت، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکیەکان لە باشووری ئەردەن، جێ پەنجەی کرداری حزبوڵای عێراقی بەسەرەوەیە، کە ئێران پاڵپشتیان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە سابرینا سینگ جێگری سکرتێری رۆژنامەوانی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەوەی راگەیاند، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر هێزەکانیان لە بنکەی ئەلتەنەف، بۆیان ئاشکرابووە حزبوڵای عێراقی لە پشتی هێرشەکەیە کە ژمارەی بریندارەکان گەیشتوونەتە 40 سەرباز.
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن ئێرانی خستووەتە خانەی بەرپرسیارەتی یارمەتیدانی ئەو گروپانەی لە عێراق و سوریا و ئوردن هێرش دەکەنە سەر بنکەی ئەمریکیەکان.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی سابرینا سینگ خستوویەتی روو، لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە گرووپەکان، 165 هێرشیان ئەنجامداوە کە 66 لە عێراق و 98 لە سوریا بووە، بەو هۆیەوە 80 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دەڵێت، ئێمە نامانەوێت بچینە ناو شەڕ لەگەڵ ئێران، لەو باوەڕە نین ئەوە خواستی ئێرانیش بێت.
دوێنێ یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەی ئەلتەنەف لە باشووری ئەردەن، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40ی دیکەش بریندار بوون، هەر زوو ئەو گروپەی ناویان لەخۆیان ناوە “مقاوەمەی ئیسلامی” هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرت، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، حزبوڵای عێراقی هێرشەکەی ئەنجامداوە.