حەوت رێکخراو داوایان کردووە

سبەینێ لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەریە

964+

توانا نەقی

حەوت رێکخراوی مافی مرۆڤ داوا دەکەن، سبەینێ سێشەممە مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی لە سێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە سیاسیە بەڕێوەبچێت کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسێدارە دران.

بەیانی زووی ئەمڕۆ دووشەممە 29.1.2024 سزای لە سێدارەدان بۆ چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، جێبەجێکرا.

ئەرسەلان یار ئەحمەدی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە 964ـی وت، ئەوان لەگەڵ شەش رێکخراوی دیکە ئەو داوایەیان لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لە دوێنێشەوە لە ناوخۆی ئێران کاری بۆ دەکەن کە مانبگرن و چاوەڕێ دەکەن هەریەک لە شارەکانی سنە، مەریوان، ناوچەی موکریان و کامیاران بەدەم داواکەیانەوە بچن.

وتیشی، مەبەست لەم مانگرتنە تەنیا نیشاندانی دژایەتیی سزای سێدارە نییە، بەڵکو راکێشانی سەرنجی نێودەوڵەتییە بۆ دۆخی خراپ و نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کۆتاییهێنان بە سزای لەسێدارەدان.

“داواکەمان رووبەڕووی قوتابیان فەرمانبەر و مامۆستایان و کاسبکاران کردووەتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک سبەینێ سێشەممە 30.1.2024 لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و نەچەنە دەوام و سەر کارەکانیان، ئەرسەلان یار ئەحمەدی وای وت.

بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە دراوە بە 964 تەنیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ 67 کەس لە سەرتاسەری ئێران لە سێدارە دراون لەوانە 33 کەسیان کوردن، شەش کەسیان زیندانکراوی سیاسی بوون.

سزاى لەسێدارەدانى ئەو چوار بەندکراوە سیاسیەی کورد لە شاری کەرەج جێبەجێکراوە، ئەوەش دواى 18 مانگ لە دەستگیرکردنیان.

چوار بەندکراوى سیاسی کورد لە سێدارەدران

چوار بەندکراوى سیاسی کورد لە سێدارەدران