داوای کرێ دەکەن

خاوەن بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک بەنیازن قوتابییەکان دەربکەن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

بۆ ماوەی سێ ساڵە کرێی ساڵانە و مانگانەی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک نەدراوە و خاوەنەکانیان هاواریان لێ هەڵساوە و دەڵێن، “چیتر تەحەمول ناکەین و ئەگەر وابێت کارەبا دەبڕین و قوتابییەکان دەردەکەین”.

بە شێوازێکی گشتی زانکۆی دهۆک تاوەکو ئیستا 74 بەشە ناوخۆیی حکومی و ئەهلی هەیە و نزیکەی سێ ساڵە کرێیان بە خاوەنەکانیان نەداوە.

سەگڤان حسێن کۆچەر، نوێنەری خاوەنی ئەو باڵەخانانەی کراونەتە بەشەناوخۆیی لە شاری دهۆک بە 964ی وت، “ئێمە وەکو خاوەن باڵەخانەکان هەر هەموومان خۆمان ئامادەکردبوو کەوا کارەبا لە باڵەخانەکان ببڕین و دەبێت قوتابییەکان دەربچن، چونکە سێ ساڵە هیچ بڕە پارەیەکمان پێ نەدراوە و ئێمە ناتوانین حەقی کارەبا و مۆلیدە و زەریبە بدەین”.

وتیشی، ئێستا نۆژەنکردنەوەی هەر بەشێکی باڵەخانەکانیش کەوتووەتە سەر ئەستۆی خۆمان، بەڵام لە زاخۆ و هەولێر و سلێمانی بەو جۆرە نییە و پارەیان بۆ خەرجدەکرێت.

مەردان ئەتروشی، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک بە 964ـی وت، کرێی بەشەناوخۆییەکان زۆرە و دەگاتە حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار، لیژنەیەکی حکومەت سەردانی بەشە ناوخۆییەکانی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و دەرکەوتووە کە بڕەکەی کێشەی نییە، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی بدات بۆ خەرجکردنی.

“رەزامەندی دراوە بۆ خەرجکردنی پارەی دوو ساڵ کرێی باڵەخانەکان، لەزووترین کاتدا بۆیان خەرجدەکرێت”، مەردران ئەتروشی وای وت.

لە زانکۆی دهۆک زۆرترین بڕە پارە بۆ یەک مانگ 12ملیۆن دینارە بۆ بەشە ناوخۆییەک و کەمترینیش بۆ مانگێک دوو ملیۆن دینارە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

دەرماڵەی خوێندکاران بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت

دەرماڵەی خوێندکاران بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت