ساڵی رابردوو
باخچە و بلوارەکانی سلێمانی 400 ملیۆن لیتر ئاویان ویستووە
964+
پێشەوا محەمەد
باخچە و بلوارەکان ناوشاری سلێمانی لە ساڵی 2023ـدا ئاوی چاکیان خواردووەتەوە، کە 400 ملیۆن لیتر بووە.
ژمارەیان 507 باخچە و 83 بلوارە.
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ساڵی رابردوو هەوڵیانداوە کەمترین زیان بەر سەوزاییەکانی سلێمانی بکەوێت بەهۆی کێشەی ئاوەوە و “لە هەوڵەکەشماندا سەرکەوتوو بووین”.
وەک ناوبراو ئاماژەی پێکرد، بەشێکی ئەو ئاوە لە رێگەی بەشی ئامێرەکانیانەوە بە تانکەر دابین کراوە و بەشێکیشی لە لایەن بیری باخچە و بلوارەکانەوە دابین کراوە.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ساڵی رابردوو 29 باخچە و بلواری نوێ لەناوشاری سلێمانی سەوز کراون.
“پلانی ئێمە بەر لە سەوزکردن بەڕێوەبەردن و ئاودێریکردنە، بۆیە هەر باخچە و بلوارێک سەوز بکەین دڵنیایی پاراستنی دەدەین و هەموو هەوڵێک دەدەین زیانی پێنەگات”، ئەوەش قسەی بەهرۆز سالارە.
دەشڵێت، پلانیان هەیە لە ساڵی 2024ـدا لە سەوزکردنی باخچەی نوێ بەردەوام بن.
جگە لەو باخچە و بلوارانە، سلێمانی خاوەنی حەوت پارکی گەورەشە.