وێنە: یەکێک لە کۆنترین بەنزینخانەکانی عێراق لە بەردەڕەشە

964+
زەید کۆچەر -دهۆک

بەنزینخانەیەک لە قەزای بەردەڕەش بەر لە پەنجا ساڵ، مۆڵەتی بەنزینخانەی ئەهلی لە بەغدا وەردەگرێت و ناوی لێ دەنێت “عەشایر سەبعە”، بەڵام ئێستا ناوی بەنزینخانەکەی گۆڕیوە بۆ “بەردەڕەشی ئەهلی”.

سەعدوڵلا موحەمەد نەسیب، تەمەنی 74 ساڵە و خاوەنی بەنزینخانەکەیە، لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو لەگەڵ باوکی کاری بەنزین و نەوتفرۆشی کردووە.

سەعدوڵلا، بۆ 964+ قسەی کرد و دەڵێت “لە هەموو عێراق سەرەتا نەوت و بەنزینفرۆشی بە دەبە بوو، ئامێرێکە بەدەست دەسوڕا و جۆری بەریتانی بوو، دەبەمان لێ پڕدەکرد، دواتر کارەبا هاتە قەزای بەردەڕەش و بەنزینخانەی کارەباییمان هێنا، باوکم لە ساڵی 1970 یەکەم مۆڵەتی بەنزینخانەی ئەهلی لە بەغدا وەرگرت”.

بەردەڕەش، لە ساڵی 2007 بووەتە قەزا و سەر بە پارێزگای دهۆکە، ئێستا لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش، چوار بەنزینخانەی ئەهلی هەیە.