چیتر ناچنه‌ هه‌ولێر و سلێمانى و رانیه

سه‌نته‌رێكى شوشتنه‌وه‌ى گورچیله‌ له‌ كۆیه‌ ده‌كرێته‌وه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ته‌ندروستیی كۆیه‌ كار له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێكی تایبه‌ت به‌ گورچیله‌ى ده‌ستكرد و شوشتنه‌وه‌ى ده‌كات و به‌ قسه‌ى به‌رپرسێكی ته‌ندروستیش كردنه‌وه‌كه‌ دوو هه‌فته‌ى دیكه‌ى پێده‌چێت.

به‌پێی ئامارێك كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى ته‌ندروستیى كۆیه‌ به‌ 964ـى داوه‌، له‌ سنوورى ئه‌م قه‌زایه‌دا 25 نه‌خۆش هه‌ن، كه‌ پێویستیان به‌ شوشتنه‌وه‌ى گورچیله‌ هه‌یه‌ و ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌ زیادبوونه‌.

د.شێروان جه‌لال، جێگری به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستیى كۆیه‌، به‌ 964ـى راگه‌یاند، شوێنى ئه‌و سه‌نته‌ره‌یان ئاماده‌كردووه‌ و به‌شێك له‌ ئامێره‌كانیش ئاماده‌كراون، به‌ڵام چه‌ند ئامێرێكی دیكه‌ین پێویسته‌ تا سه‌نته‌ره‌كه‌  ته‌واوبكرێت.

وتیشی “ده‌مانه‌وێت سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌ پێنج كورسی پێكبێت بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى له‌ سنووره‌كه‌مان هه‌ن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌هۆى نه‌بوونى سه‌نته‌ره‌وه‌ نه‌خۆشه‌كان به‌رده‌وام ده‌چوونه‌ هه‌ولێر، سلێمانى و رانیه‌ بۆ شوشتنه‌وه‌ى گورچیله‌كانیان.

به‌ قسه‌ى ئه‌م به‌رپرسه‌ى ته‌ندروستى، تێچووى شوشتنه‌وه‌ى هه‌ر جارێكی گورچیله‌ نزیكه‌ى 60 دۆلارى تێده‌چێت و وتیشی “پێویستمان به‌ ده‌رمان و پێداویستى دیكه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوو كێشه‌ بۆ سه‌نته‌ره‌كه‌ دروست نه‌بێت”.

هه‌فته‌ى داهاتوو ته‌ندروستیی كۆیه‌ له‌گه‌ڵ ته‌ندروستى هه‌ولێر کۆدەبنەوە و باس له‌ دابینكردنى ئه‌و پێداویستیانه‌ ده‌كەن، كه‌ بۆ سه‌نته‌ره‌كه‌ پێویستیانه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌و پێداویستانه‌ى وه‌ك پشكی ته‌ندروستیى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ دێن.

له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین شوشتنه‌وه‌ى گورچیله‌ی هاوڵا...

له‌ ئیداره‌ى راپه‌ڕین شوشتنه‌وه‌ى گورچیله‌ی هاوڵاتیان له‌ زیادبوونه‌