دووانیان کاری تێدا دەکرێت

چوار شەقامی سلێمانی فراوانبوونیان بۆ دەکرێت و دەکرێن بە 30 مەتری

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لە سەرەتای مانگی 12ـەی ساڵی پاردا بڕیاری فراوانکردنی چوار شەقامی ناوشاری سلێمانی داوە، کە بکرێن بە 30 مەتری و ئێستا کارکردن لە دووانیاندا دەستیپێکردووە.

ئەو شەقامانە بڕیاریان لێدراوە فراوان بکرێن پێشتر 15 مەتری بوون.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بڕیاری فراوانکردنی ئەو شەقامانە سەرجەمیان هی کۆتاییەکانی ساڵی 2023ن و بە تەواوبوونیان قەرەباڵغی لەناو سلێمانی کەمدەکەنەوە.

وتیشی، “ئەو زەوی و خانووانەی بەر ئەو فراوانکردنانە دەکەون بەپێی یاسای ژمارە 12ـەی ساڵی 1981 لە لایەن شارەوانییەوە دەخەمڵێندرێن و بە زەوییەک لە شوێنێکی دیکە قەرەبوو دەکرێنەوە، جگە لەو زەوییانەی موڵکی شارەوانین”.

شەقامەکان بریتین لە دابان، کە لە شەقامی 60 مەتری لای پردی کۆبانیەوە دەستپێدەکات بە بازاڕی کارێزەوشکدا درێژدەبێتەوە چوارڕیانەکەی ترافیکلایتەکەی لای پارکی ئازادی و ئێستا کاری تێدا دەکرێت.

زێوەر، لە شەقامی 60 مەتری بەرامبەر گەڕەکی چوارچراوە دەستپێدەکات و بەناو گەڕەکەکانی شێخ محێدین و چوارباخدا تا فلکەی مامەڕیشە درێژدەبێتەوە و کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە.

بەدرخان، لە فلکەی خوارەوەی ئەمنەسوورەکە لە گەڕەکی عەقاری دەستپێدەکات بۆ شەقامی سالم درێژدەبێتەوە و بە ئەندەرپاسێک بۆ ناو گەڕەکی شێخ محێدین و ئابڵاوخ درێژدەبێتەوە و کارکردنی تێیدا دەستیپێنەکردووە.

پیرەمەگرون، لە فلکە کۆنەکەی کانی ئاسکانەوە دەستپێدەکات و بە گەڕەکەکانی عەقاری و بەراناندا درێژدەبێتەوە تا دەگاتە بەردەم مزگەوتی شێخ فەرید و دووسایدی زەرگەتە و کارکردنی تێیدا دەستیپێنەکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

شارەوانیی رانیە زیادەڕۆییەکانی ساڵی نوێی لابرد

شارەوانیی رانیە زیادەڕۆییەکانی ساڵی نوێی لابرد