لە ماوەی جەنگی نێوان غەزە و ئیسڕائیلدا
یونیسێف: لە غەزە لە هەر 10 خولەکێکدا منداڵێک لەدایک بووە
964+
پێشەوا محەمەد
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی یونسێفی جیهانی لە ماوەی 105 رۆژی شەڕ لەنێوان غەزە و ئیسڕائیلدا، لە کەرتی غەزە نزیکەی 20 هەزار منداڵ لەدایکبوون.
رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە کەرتی غەزە هەن، کە ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن یان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە وێرانبووەکاندان.
ئامارەکانی رێکخراوە جیهانییەکە ئاشکرای دەکات، نزیکەی پێنج هەزار منداڵ لە غەزە کوژراون و نۆ هەزاری دیکەش بریندار بوون.
دەشڵێت، “هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەزە بوونی نییە تا ملیۆنێک منداڵی تێدا بپارێزرێت”.
یونیسێف رێکخراوێکی جیهانییە کاردەکات بۆ گەیشتن بە بێبەشترین منداڵان و هەرزەکاران، بۆ پاراستنی مافەکانی هەموو منداڵێک لە هەموو شوێنێک. نووسینگەیان لە زیاتر لە 190 وڵاتدا هەیە.
یونیسێف پێشتر چەندان هۆشداری لەبارەی دۆخی منداڵانەوە لە غەزە داوە و لە یەکێک لە راگەیەندراوەکاندا دەڵێت، “غەزە بووەتە گۆڕستانی منداڵان”.