بە توندی ئیدانەی دەکەن
CPT: ھێرشەکانی ئێران بۆ سەر ھەولێر بێ پاساون
964+
بەهرە محەمەدئەمین
رێکخراوی CPT ئەمریکی، سەرکۆنەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و دەڵێت: ھێرشەکان بێ پاساون.
تیمی کوردستانی رێکخراوەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت” چاودێریی هێرشەکانی شەوی رابردووی شاری هەولێری کردووە و ژمارەی ئەو مووشەکانەی بە هەولێرەوە نراون 13 مووشەک بووە.”
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی شەوی رابردووی هەولێری لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، چەند مۆڵگەیەکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیلی “مۆساد”یان بە ئامانج گرتووە.
کامەران مەلا عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی سی پی تی بە 964ی وت،تیمی کوردستانی عێراقی CPT، بە توندی سەرکۆنەی پاساوە بێ بنەماکانی دەوڵەتی ئێران دەکات لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، ژنان و منداڵان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
وتیشی، “لە ئەنجامی ئەو هێرشانە، جگە لەوەی چوار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان سپارد و 16 مەدەنی تریش برینداربوون، خەڵکی شارەکەش شەوێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێیان بەسەربرد.”
ئەم رێکخراوە”داوا لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بپارێزن و لە رێگەی دیپلۆماسی و دەستپێشخەری ئاشتییانەوە چارەسەری ئەم دۆخە بکەن”.
CPT یاخود “تیمەکانی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵگە” کە بە سی پی تی ناسراون، رێکخراوێکی ئەمریکییە و لقێکی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
درەنگانی شەوی رابردوو هێرشێکی گەورەی مووشەک و درۆن کرایە سەر شاری هەولێر و بەهۆیەوە 4 کەس گیانیانلەدەست دا، لە ناویاندا ، بازرگانێکی کورد، بازرگانێکی عەرەب، کچێکی یەک ساڵەی بازرگانە کوردەکە هەبوون، 16 کەسیش بریندار بوون کە بەشێکیان ژن و منداڵن.