964 هۆکار و زیانەکانی ئاشکرا دەکات
کارگەیەکی رۆن لە عەربەت دوو کاتژمێرە دەسووتێت
964+
ئەحمەد مستەفا
ئاگرەکەی کارگەی رۆنی ئامانج لە گوندی دێڕەمەزانی ناحیەی عەربەت نزیکەی دوو کاتژمێرە بەردەوامە، چەندین تیمی بەرگریی شارستانیی عەربەت و سلێمانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام هێشتا کۆنتڕۆڵنەکراوە و بەردەوامە لە تەشەنەسەندن، بەهۆی ئەوەی نەفتاێکی یەکجار زۆری تێدایە.
یەکێک لە کارمەندەکانی کارگەکە بە ناوی ئاری بە 964ی وت، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، ژمارەیەکی زۆر دەبەمان بەرز کردبوەوە تا سەقفەکە و هەمووی گڕی گرت ، ئێمەش بە حەریق و بە هەموو شت خەریک بووین نەکوژایەوە، کە زانیمان لە کۆنترۆڵ دەرچوو، هەموومان رامان کردە دەروە.
وتیشی، کارگەکە کارگەی رۆنی سەیارەیە و نزیکەی 50 تەن رۆنی تێدایە، بەڵام تیمەکان کە هاتوون ناوێرن بێنە ژوورەوە خۆمان خەریکین بە دەست دەیکوژێنینەوە .
لایخۆشییەوە ئامانج ئەیوب، خاوەنی کارگەکە بە 964ی وت، زیانی یەک ملیۆن دۆلاری پێگەیشتووە، دەشڵێت “سەرجەم کارمەندەکانم سەلامەتن و سکاڵام لە کەس نییە”.
بە گوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی 964 کە لە شوێنی رووداوەکەیە، دیمەنەکان ئاماژەن بەوەی ئاگرەکە بەردەوام تین دەسێنێت و بەرگریی شارستانیش بەردەوامە لە ناردنی تیمی زیاتر، قەبارەی ئاگرەکە زۆر فراوانە و پێشبینی ناکرێت بە ئاسانی کۆنترۆڵ بکرێت.
دارشتنەوە : بەهرە محەمەدئەمین