کەشناسی سلێمانی: ئەگەری بەفربارین لەناو شار کەمە
964+
شاڵاو عەلی – سلێمانی
ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاویەکانیش ئەگەری بەفربارینی زیاتر هەیە، بەڵام پێناچێت ناو شارەکان بگرێتەوە، بە قسەی کەشناسی سلێمانی.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە 964+ی وت، ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شار کەمە، بەڵام پلەکانی گەرما روو لە نزم بوونەوەی زیاتر دەکەن.
ئەو دەڵێت، لە 24 سەعاتی رابردوو، حەوت مللیمەتر باران لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی باریوە.
بەگوێرەی کەشناسی سلێمانی، ئەمساڵ تاکو ئێستا 179 مللیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە 122 مللیمەتر بووە.
ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە ناوچەکانی چۆمان، حاجی ئۆمەران و قەزای پێنجوێن زیاتر لە 10 سانتیم بەفر باریوە.