هه‌م قازانج و هه‌م گونجاوه‌

هانى جوتیاران ده‌درێت “گۆڵدن بێری” بچێنن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێر، به‌ جوتیاران ده‌ڵێت، رووه‌كى “گۆڵدن بێرى” بچێنن هه‌م بۆ كه‌شوهه‌وا گونجاوه‌ هه‌میش قازانجی باشی لێده‌كه‌ن.

“گۆڵدن بێری” یان پێیده‌وترێت تووی ئاڵتوونی، زۆرترین رێژه‌ى داچاندنى له‌ وڵاتى میسره‌، به‌ڵام ره‌سەنایه‌تییه‌كه‌ى بۆ به‌شێك له‌ ناوچه‌كانى هه‌ردوو ئه‌مریكاى باشوور و باكوور و هەروەها ئه‌فریقیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئه‌م رووه‌كه‌ بۆ رزگاربوون لە نەخۆشییەکانی کۆلۆن چارەسەرێکی سروشتی گونجاوە، بۆ ئەوانه‌ش کە کێشەی قەڵەوی و زیادەی کێشیان هەیە دەتوانن بەکاربهێنن.

عه‌بدولسه‌مه‌د محه‌مه‌د ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێر، به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا، له‌ دوو كاتى جیاوازدا ئه‌و رووه‌كه‌یان تاقی كردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

وتیشی “ئامانجمان فره‌چه‌شنكردنى به‌رهه‌مه‌كانه‌ و هه‌مان كاتیش سوود و قازانجى زیاتره‌ بۆ جوتیارانمان”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، پێشنیاریان كردووه‌ ئه‌و رووه‌كه‌ له‌ سنووره‌كانى قه‌زاى شه‌قڵاوه‌ و ناحیه‌ى هه‌ریر بچێندرێت و ده‌شڵێت زیاتر له‌ یه‌ك مه‌تر داره‌كه‌ى به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

به‌ قسه‌ى ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره‌، ئه‌و توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ر گۆڵدن بێری ئه‌نجامیان داوه، به‌ هه‌ماهه‌نگى كۆلیژى زانسته‌ كشتوكاڵییه‌كانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین ئه‌نجامیان داوه‌ و‌ به‌شدارى كۆنفرانسى زانستى ئه‌و‌ زانكۆیه‌شى  پێكراوه‌.

باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌وان ده‌قى ئه‌و توێژینه‌وه‌ و ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان له‌رێگه‌ى راپۆرتێكه‌وه‌ بۆ سه‌رووى خۆیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ و داوایان كردووه‌ هانى جوتیاران بدرێت بۆ چاندنى.

“زۆرجاران جوتیاران خۆیان سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانى ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ و توێژینه‌وه‌كانمان ده‌بینن و زیاتر زانیارمان لێوه‌رده‌گرن” ئه‌مه‌ش قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ى كشتوكاڵى هه‌ولێره‌.

964 ده‌زانێت، ساڵى 2022 دواى ئه‌وه‌ى لە كشتوكاڵی سلێمانی توێژینەوە له‌سه‌ر ئه‌م رووه‌كه‌ كراوە، له‌لایه‌ن جه‌مال كربچنه‌یی وه‌ك جوتیارێكی نموونه‌یی له‌ گونده‌كه‌ى ئه‌م رووه‌كه‌ى تاقیكردووه‌ته‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ى سه‌ركه‌وتوو بووه‌.

كشتوكاڵى هه‌ولێر هانى جوتیاران ده‌دات ستیڤیا بچێنن

كشتوكاڵى هه‌ولێر هانى جوتیاران ده‌دات ستیڤیا بچێنن