گۆشتی سوور. وێنە: 964
"نرخەکەی دادەبەزێنێت"
لەگەڵ بەشە خۆراکدا گۆشت دابەش دەکرێت؟
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی بازرگانی هەرێم نووسراوی کردووە بۆ بەغدا تا دڵنیابێتەوە ئاخۆ گۆشت لەگەڵ بەشەخۆراکدا دابەش دەکرێت یان نا، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دەڵێت هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
پێشتر وەزارەتی بازرگانی بەغدا ئاشکرای کردبوو، لە ساڵی نوێدا لەگەڵ بەشەخۆراکی مانگانەدا گۆشتی سوور دابەش دەکات.
“ئێمە نووسراومان بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق کردووە تا دڵنیابینەوە ئاخۆ ئەو گۆشتە دێت، ئایا چ جۆرێکە و هەر کەسە و چەندی بۆ دیاریکراوە و شێوازی دابەشکردنەکەی چۆنە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەوە”، ئەوە قسەی نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێمە بۆ 964.
دەشڵێت، ئەگەر هەر جۆرە گۆشتێک لەگەڵ بەشەخۆراکدا دابەش بکرێت کاریگەری بۆ سەر دابەزینی نرخەکەی دەبێت لە بازاڕەکاندا.
ئەوەش دەڵێت، ئاگادارن تەنیا لە چەند گەڕەکێکی بەغدا گۆشت لەگەڵ بەشەخۆراکدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکراوە.
964 پرسیاری ئەوەی کرد ئایا هیچ مەترسییەک لەسەر بەشەخۆراکی مانگانە هەیە لە ساڵی 2024ـدا؟ بەڕێوەبەرە گشتییەکەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم وتی، “هیچ مەترسییەک نەییە و 15ـی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراک دەکرێت و مانگەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت”.