مەرزی سەیرانبەن لەکاتی بەفر بارین. وێنە:964+
حکومەتی عێراق دروستی دەکات
لە مەرزی سەیرانبەن رێگایەکی نوێ بۆ رێگری لە قاچاخ دروست دەکرێت
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
حکومەتی عێراق بە مەبەستی نەهێشتنی قاچاخچییەتی بە نیازە لە دەروازەی سنوری سەیرانبەن رێگایەکی نوێ دروست بکات.
ئامێری پێویست بۆ لێدانی شەقامەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە، بەڵام ئاستەنگی بۆ دروستبووە و کارەکانی بەهۆی بارینی بەفرەوە راگیراوە.
سەیرانبەن مەرزێکی نێودەوڵەتیە و نزیکەی کاتژمێرێک لە سەنتەری قەزای پێنجوێنەوە دوورە و هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی بهێنین بە 964ی راگەیاند، حکومەتی عێراق فەرمانی بۆ بنکەی پاسەوانی سنوور دەرکردووە بۆ لێدانی شەقامێک و دانانی بنکەی تایبەت، بۆ ئەوەی رێگری لە قاچاخچیەتی بکرێت.
وتیشی، “حکومەت دەیەوێت بنکەی پاسەوانی سنوور بەرامبەر بارەگاکانی سوپای پاسداران جێگیر بکات ، چونکە کاتێک لە سنوری رۆژهەڵاتی کوردستانەوە باری قاچاخ دێتە هەرێمی کوردستان، پەکەکە گومرکی دەکات ئینجا رێگا دەدات بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە”.
بەقسەی ئەو سەرچاوەیە، حکومەتی عێراق سوورە لەسەر لێدانی ئەو رێگایە، تاوەکو دەسەڵاتی هەبێت بەسەر ئەو ناوچەیەدا.
964 زانیویەتی، ئەم رێگا تازەیە وا دروست دەکرێت گشت رێگا قاچاخەکان بێنەوە سەری و قاچاخی کردن دژوار دەبێت.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین