964+
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند
لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر درۆنێک خرایە خوارەوە
964+
وریا فەتاح
دژە تیرۆرى کوردستان رایگەیاند، ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، درۆنێکى بۆمبڕێژکراو لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر خراوەتە خوارەوە.
بەپێى راگەیەنراوەکەى دژە تیرۆرى کوردستان، “ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2024، کاتژمێر 6:50، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندراو خرایە خوارەوە”.
964 لەرێگەی چەند شایەتحاڵێکەوە هەواڵی ئەوەی پێگەیشت، دەنگی تەقینەوەیەک لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بیستراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ شەویش بەهەمان شێوە گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی” رایگەیاند هێرشیان کردوەتە سەر بنکەی هاوپەیمانان لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام دواتر دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنێک بووە و خراوەتە خوارەوە.