لە ئاکرێ

پارە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک وەرناگیرێت

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

دانیشتوانی ئاکرێ دڵنیا دەکرێنەوە هیچ بڕە پارەیەکیان بەرامبەر کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لێ وەرناگیرێت و بڕیاری وەرگرتنی پارە بۆ ئێستا نییە.

لێدوانێکی بەڕێوەبەری شارەوانی ئاکرێ سەبارەت بە وەرگرتنی دوو هەزار دینار لە هەرماڵێک بەرامبەر هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک چەند رۆژێکە باسێکی گەرمی سۆشیاڵ میدیای ناوچەکەیە، بەڵام هەردوو شارەوانی و قایمقامیەتی قەزاکە رەتیان کردەوە.

د.دلاوەر هەرکی، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە 964ی وت، هەمووان دڵنیا دەکەینەوە ئەم خزمەتگوزارییە بێ بەرامبەرە و هیچ پارەیەک لە خەڵک وەرناگیریت، ئەوەی بەڕێوەبەری شارەوانی وتویەتی بڕیارێکی وەزارەتە کە بەهۆی خراپی دۆخی دارایی خەڵک جارێ راگیراوە.

بڵند رەزا زوبێر، سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، “من نەمگوتووە دەست دەکەین بە وەرگرتنی دوو هەزارەکە لە خەڵک، تەنیا ووتوومە تا دوو ساڵ لەمەوبەر پارە وەردەگیرا، بەڵام بریارەکە وەستاوە و نازانین کەی دەکەوێتە کار”.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین