نەوتی عێراقی بارکردبوو
کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە دەستى بەسەرداگیرا
964+
وریا فەتاح
چوار بۆ پێنج چەکدارى هێزى دەریایى ئێران، دەستیان بەسەر کەشتییەکى نەوتهەڵگرى ئەمەریکیدا گرت و ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دەبینرێت، چونکە ئەو کەشتییە دەوترێت ئێرانییە و ساڵى رابردوو لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە دەستى بەسەرداگیراوە.
ئاژانسى هەواڵى تەسنیمى ئێرانى لەرێى زانیارییەک کە لە هێزی دەریایی ئێران وەریگرتووە، بڵاوىکردەوە، هێزە دەریاییەکانی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئەمریکیان لە ئاوەکانی دەریای عومان بە فەرمانی دادوەری دەستبەسەر کردووە.
بەپێى هەواڵى ئاژانسە ئێرانییەکە، کەشتییەکە ئیرانییە و ساڵى رابردوو لەلایەن هیزە دەریاییەکانى ئەمەریکا دەستى بەسەرداگیراوە و ناوەکەی گۆڕدراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەى پێنج چەکدار بە جلوبەرگى رەش و دەمامکى رەشەوە دابەزیونەتە سەر کەشتیی “سانت نیکۆلاس” و سەرەتا کامێراى چاودێرى ناو کەشتییەکەیان داپۆشیووە و دواتر دەستیان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز لە هەواڵکدا ئاشکرای کردووە، کەشتییەکە نەوتى خاوى عێراقى تێدا بووە و بەرەو تورکیا چووە، دەستبەسەرداگرتنیشى لەلایەن ئێرانەوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە کە هەمان کەشتى ساڵى رابردوو لەلایەن ئەمەریکاوە دەستى بەسەرداگیراوە.