هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکان

حوسییەکان نرخى نەوتیان بەرز کردووە

964+

وریا فەتاح

هەردوو جۆرەکەى نرخى نەوت بەرزبونەوەیان بەخۆیانەوە بیننى، ئەوەش دواى هێرشى حوسییەکانى یەمەن  بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور پەکخستنى بازرگانی دەریایی و گۆڕینى رێڕەوى کەشتییەکان.

ئەمڕۆ سێشەممە، لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 12 سەنتە، بەرێژەى 0.2% بەرزبونەوەى بەخۆیەوە بینیوە,

هێرشى حوسییەکانى یەمەن بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکانى دەریاى سور و پەکخستنى بازرگانى دەریایى، هۆکارێکى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتن، هاوکات خواستى کڕینى نەوت لە کۆتایى ساڵدا هۆکارێکى دیکەى بەرزبونەوەى نرخەکەن.

هەرچی نرخی بەرمیلێک نەوتی سوکی تەکساسیشە بەڕێژەی %0.23 نزمبووەتەوە و هەر بەرمیلێکی بە 72 دۆلار و 61 سەنتە.

کۆمپانیای گەورەی نەوتی بی پی (BP) بەشێوەیەکی کاتی سەرجەم کارەکانی گواستنەوەی لەڕێگەی دەریای سوورەوە راگرت و گروپی نەوتهەڵگرەکانی (هێڵی پێشەوە) دوێنێ دووشەممە، رایانگەیاند کە کەشتییەکانی خۆیان لە تێپەڕین بەو ڕێڕەوی ئاوە بەدوور دەگرن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی قەیرانەکە بەرەو فراوانبوون دەچێت.

نزیکەی 15% هاتوچۆی کەشتیوانی جیهانی بە کەناڵی سوێسدا تێدەپەڕێت و کورتترین رێگای کەشتیوانی لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا دابین دەکات.

هێرشەکانی سەر کەشتییەکان وایکرد ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تاوتوێ بکەن لەسەر پێکهێنانی هێزێکی ئەرک بۆ پاراستنی رێگاکانی دەریای سوور.

لەماوەی ئەم مانگە نرخی نەوت لەسەرووی 75 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام نزیکەی سێ هەفتە لەمەوپێش بە 84 دۆلار مامەڵە دەکرا بە بەرمیلێک نەوتەوە کە لەو کاتەوە نەگەشتووەتە ئەو ئاستە.