یەکەمجارە

کەرکوک دەچێتە رۆژئاوای کوردستان

چاوان خەلیل

کەرکوک بە شانۆگەری “ناڕەوا” دەچێتە رۆژئاوای کوردستان، کە شانۆییەکە باس لە ناڕەوایەتی ژیان دەکات بەرامبەر گەلی کورد و پیشاندانی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر کورد هاتووە، لە هەمان کاتدا باس لە هونەرمەندان و کاریگەریی هونەرەکەیان لەسەر کۆمەڵگا دەکات.

ئەم شانۆیە لە دەرهێنانی بەرهەم ئەحمەدە و نالی عەسکەر رۆڵی تێدا دەبینێت لە رۆژی هەینی 12-1-2024 لە رۆژئاوای کوردستان لە شاری شەهبا – عەفرین بەشداری پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی میتان دەکات.

دەرهێنەری شانۆییەکە بە 964ی وت: “یەکەم جارە کە گرووپێک لە باشووری کوردستانەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن و پێشتریش لە رۆژهەڵاتی کوردستان نمایشمان کردووە، لە داهاتوودا لە باشوور و باکووری کوردستانیش دەیکەین و فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت”.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر