لە کۆریاى باشور

خواردنى گۆشتى سەگ قەدەغەکرا

964+

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى خواردنێکى سەرەکییە لەو وڵاتەدا و هەزار و 600 رێستۆرانت و چێشتحانە لە خواردنەکانیاندا گۆشتى سەگ بەکاردەهێنن، ئەنجومەنی نیشتمانی کۆریاى باشور (پەرلەمان)، بە پەسەندکردنى پڕۆژە یاسایەک خواردنى گۆشتى سەگى قەدەغەکرد.

بەپێى هەواڵى ئاژانسى کۆریاى باشور، بە کۆى دەنگى 208 دەنگى بەڵێ بەرامبەر دوو دەنگى بێلایەن، پڕۆژە یاساى قەدەغەکردنى  بەخێوکردنى سەگ بە مەبەستى سەربڕین و خواردنى، پەسەندکرا.

پڕۆژەکە بە هاوبەشى پارتى دەسەڵاتدار و پارتى دیموکراتى ئۆپۆزسیۆن دەرچوێنراوە و خانمی یەکەم کیم کیۆن هی، بە ئاشکرا پشتگیری خۆی بۆ قەدەغەکردنەکە دەربڕیوە و رایگەیاندووە، قەدەغەکردنی ئەو کارە بە یاسادا یەکێک بووە لە بەڵێنەکانی سەرۆک یۆن سوک یۆل، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.

یۆن و کیم بە خۆشەویستانی ئاژەڵی ماڵی ناسراون و لە ماڵەکەیاندا لەگەڵ چوار سەگ و سێ پشیلە دەژین.

بڕیارە لە ساڵى 2027دا، یاساکە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و ئەو کەسەى پابەند نەبێت یان دوو ساڵ زیندانى دەکرێت یان 30 ملیۆن یوان کە ئەکاتە 22 هەزار و 768 هەزار دۆلار، سزاى پێبژاردنى بۆ دەکرێت.

بەپێى ئامارەکانى حکومەت، لە کۆریاى باشور نزیکەى هەزار و 150 کێڵگە بەخێوکردنى سەگ بە مەبەستى خواردنى گۆشتەکەیان و 34 سەربڕخانەى سەگ هەیە، لەگەڵ هەزار و 600 رێستۆرانت کە لە خواردنەکانیاندا گۆشتى سەگ بەکار دەهێنن.

لەگەڵ دەرچوونى یاساکە، دەستبەجێ گروپەکانی مافی ئاژەڵان پێشوازییان لە قەدەغەکردنەکە کرد کە ساڵانێکى زۆر خەباتى بۆ دەکەن.