13 بریندار و کەمئەندام بوون

مین و تەقەمەنی 10 کەسی لە هەرێم کوشتووە

964+

ژووری هەواڵ

لە ماوەی ساڵێکدا لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە، دەزگای مینیش دەڵێت، ساڵی 2023 روبەری زەوی پاککراوە زیادیکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 8.1.2024، جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە 964ـی راگەیاند، ساڵی رابردوو 33 کێڵگە مین و 11 شەڕگە لە مین و تەقەمەنی پاککراونەتەوە کە رووبەرەکایان دوو ملیۆن و 803 هەزار و 326 مەتر دووجا بووە.

“دوای پاککردنەوەیان زەوییەکان رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و لە ئێستادا دەتواندرێت بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان به‌کاربهێندرێـت و هیچ مەترسیەکیان لەسەر نەماوە”، دەزگای گشتی کاروباری مین وا دەڵێت.

بەراورد بە ساڵی 2022، لە ساڵی 2023 ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر و کەم ئەندامبووانیش کەمیکردووە،

سەرۆکی دەزگای گشتی كاروباری مین وتی، لە ساڵی رابردوودا 23 بەرکەوتوو بە رووداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون، “کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە”

ژمارەی ئەو مین و تەقەمەنیانەی کە هەڵگیراونەتەوە و لە ناوبراون، بریتی بووە لە سێ هەزار و 849 مینی دژەکەسی و مینی دژە تانک، هەروەها زیاتر لە شەش هەزار و 284 پارچە تەقەمەنی سەرپێی (IED) و پاشماوەی جەنگی نەتەقیوو.

دوو تەقەمەنى مەترسیدار هەڵگیرانەوە

دوو تەقەمەنى مەترسیدار هەڵگیرانەوە