سێ مانگ تێدەپەڕێت
حەماس و ئیسرائیل چیان لە یەکترى کردووە؟
964+
وریا فەتاح
سێ مانگ لەمەوبەر، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دواى تێپەڕینى چەند کاتژمێرێکى ترسناک و لەبیرنەکرا، بڕیاریدا، دەسبەجێی ئیسرائیل هەموو هێزی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ لەناوبردنی حەماس.
بڕیارەکە لەوەوەهات، بەرەبەیانى 7ى ئۆکتۆبەرى 2023، بزوتنەوەى حەماسى فەلەستینى هێرشى لەناکاوى ئاسمانى و وشکانى و دەریایى لە دژى ئیسرائیل دەستپێکرد، بەهۆیەوە لانیکەم 500 ئیسرائیلى و ژمارەیەک هاووڵاتى وڵاتانى دیکە کوژران و 1500 کەسى دیکەش بریندار بوون.
کاردانەوەى ئیسرائیل خێرا و توند و دڵرەقانە بوو، هەر ئەو رۆژە هێرشى چڕى کردە سەر پێگەکانى حەماس و باڵەخانەکانى غەزە، بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى غەزە، لەو رۆژەدا، 232 فەلەستینى کوژراون و 1700 کەسیش بریندار بوون.
“خەڵکى مەدەنى قورسایى شەڕەکەیان هەڵگرتووە”
سێ مانگ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە، ئێستا خەڵکی مەدەنى قورسایی توندوتیژییەکانی هەردوولایان لە ئەستۆ گرتووە و زیاتر 23هەزار فەلەستینی لە غەزە و 1200 ئیسرائیلیش کوژراون، نزیکەی 85%ی خەڵکی غەزە ئاوارەبوون و چارەکێکی دانیشتوانی کەرتەکەش رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکراى کردووە لە غەززە، تائێستا 304 هێرش لە کەرتى غەزە ئەنجامدراوە و 94 دامەزراوەى تەندروستى بە ئامانج گیراون 79 ئامبوڵانسیش تێکشکێنراون، لە کەرتى رۆژئاواش نزیکەى 24 دامەزراوەى تەندروستى و 212 ئامبوڵانس بەهۆى 286 هێرش، زیانیان بەرکەوتووە.
“منداڵانى غەززە لە کابوسدان”
بەپێى دواین بەیاننامەى سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف)، منداڵانی غەزە “لە کابوسدان و رۆژ بە رۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێت”.
بەشێوەیەک لە ئێستادا رۆژانە سێ هەزار و 200 حاڵەتی نوێی سکچوون لە ناو منداڵانى خوار تەمەن پێنج ساڵ تۆمار دەکرێت.
زیانە ئابورییەکان چین؟
جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانە ئابورییەکانى جەنگەکە گەورە و قەبەن، بەشێوەیەک دانیال ئیگل، پرۆفیسۆری شیکاری سیاسەت و ئابورى، زیانەکانى ئیسرائیل بە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنێت و دەڵێت: لە دەیەى داهاتوودا بەو قەبارەیە، ئابورى ئیسرائیل چالاکییەکانى لەدەستدەدات. لەبارەى فەڵەستینییەکانیشەوە، ئەو ئابوریناسە پێى وایە، زیانەکان ئەوەندە گەورەن، ئەگەرى دروستبونى دەوڵەتى فەڵەستین، دەکات بە هەڵم.
سێ مانگ تێدەپەڕێت و تائێستا ئیسرائیل، نەیتوانیوە هیچ کام لە ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت، بەتایبەت لەناوبردنی حەماس و ئازادی بۆ ئەو107 ئیسرائیلییەى لە 7ى ئۆکتۆبەرەوە بە بارمتە گیراون و تائێستا لەبن دەستى حەماسن.