مامۆستایانى ناڕازیى پشدەر

“لەگەڵ حکومەت دانانیشین”

964+

وریا فەتاح

دەستەى مامۆستایانى ناڕازى لە قەزاى پشدەر دەڵێن: بەردەوامین لە بایکۆت و لەگەڵ حکومەتیش دانانیشین.

دەستەکە راگەیەنراوێکیان بڕو کردووەتەوە و دەڵێن: بەردەوامین لە بایکۆت و خەباتی مەدەنی تا جێبەجێکردنی سەرجەم داواکاریەکانمان.

وەک ئەوەى لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەیان پێکردووە، بۆیە ئەمساڵ بایکۆتیان کردووە، تا هیچ ساڵ و کاتێکى دیکە پێویستیان بە بایکۆت نەبێتەوە.

سامان بەرزە، ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى لە قەزاى پشدەر، قسەى بۆ 964 کردووە دەڵێت: حکومەت داواى کۆبونەوەیان کردووە، بەڵام ئێمە لە هەر 13 ناوچەى بایکۆت یاداشتمان داوە بە حکومەت و پێنج داواکارییمان خستووەتە بەردەمیان، چاوەڕێى وەڵامین و لەگەڵیان دانانیشین، چونکە داواکارییەکان روونن.

یاداشتەکەى مامۆستایانى ناڕازى خۆى لە پێنج داواکاریدا دەبینێتەوە، گرینگترینیان پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایانى میلاک و دامەزراندنى وانەبێژان و پێدانى موچەیە لە هەر 30 رۆژێکدا.

964 لە رێگەى سەرچاوەیەکەوە زانیویەتى، حکومەت لە کۆى ئەو پێنج خاڵە بەڵێنیداوە دوو خاڵ جێبەجێ بکات، واتا لە دواى گۆڕانکارى لە یاساى بودجەى عێراق لە 2024دا، هەم پلە بەرزکردنەوەى مامۆستایانى میلاک ئەنجام بدات و هەم مامۆستایانى وانەبێژ بکات بە گرێبەست.

لەناو داواکارییەکەى مامۆستایان دوو خاڵى دیکە هەن، یەکێکیان دیاریکردنى چارەنوسى موچە نەدرا و پاشەکەوتەکانە، ئەوەى تر حکومەتى هەرێم لارى نەبێت ئەگەر حکومەتى عێراق بڕیار بدات موچەى مامۆستایانى هەرێم بخرێتە سەر بەغداد.

بۆ زانینى قسەى وەزارەتى پەروەردە، 964 پەیوەندى کرد بە هەریەک لە ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردە و دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى، وەزیر وتى،”ببەخشن لێدوانم نییە”، و دڵشاد عومەریش، وەڵامى پەیوەندییەکەى نەدایەوە.

“سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان”

“سوپاس بۆ بایکۆتکردنتان”