هاوڵاتیەکی ناحیەی پیرەمەگرون

هەر هێمایەکی هاتوچۆ شکابێت لەسەر ئەرکی خۆی چاکی دەکاتەوە

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

هاوڵاتیەکی دانیشتوی ناحیەی پیرەمەگرون لەسەر ئەرکی خۆی ئەو هێمایانەی هاتوچۆ کە شکاون یاخود شێوێندراون لە رێگاوبانە گشتیەکان چاکی دەکاتەوە.

ئەو هاوڵاتییە پیشەی سەرەکی پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکانەو لە هەمان کاتدا کاری ئاسنگەری و چاکردنەوەی تەنکی سەربانی ماڵان دەکات.

ئارام محەمەد ئەو هاوڵاتیەیە کاری چاکردنەوەی هێماکان دەکات بە964ی وت، “لەساڵی 2017-وە هەر هێمایەکی هاتوچۆ ببینم کە شکابێت یان شێوندرابێت لەسەر ئەرکی خۆم چاکی دەکەمەوە، ئەم کارەم تەنیا لە پێناوی خوای گەورەو مرۆڤایەتی و شۆفێراندا دەکەم”.

ئارام محەمەد ئەوەش دەڵێت، “تا ئێستا زیاتر لە 300 هێمام چاک کردووەتەوە و سنوری کاری چاکردنەوەی هێماکان لای من دیاریکراو نییە، بەهەر شوێنێکدا تێپەڕم و هێمای شکاوی لێبێت چاکی دەکەمەوە و تائێستا هیچ کەسێک هاوکارم نەبووە لەم کارە”.

ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، “جگە لە هێماکانی هاتوچۆ چەندین جاریش سەری مەنهوڵ و دەرچەی باراناوی کۆڵانەکانی ناحیەی پیرەمەگرونم چاک کردووەتەوە”.