103 بە 171
ژمارەی کوژراوو بریندارانی تەقینەوەکەی ئێران زۆر زیاتر بوو
964+
ژووری هەواڵ
ژمارەی کوژراوو بریندارانی تەقینەوەکەی ئێران زۆر زیاتر بووتائێستا 103 کەس کوژراون و 188کەس بریندارن، ئەمە ئاماری فەرمی راگەیەندراوە بە ژمارەی ئەو کەسانەی بەر تەقینەوەکەی ئێران کەوتن، کاتژمێر 3ی ئەمڕۆ لە نزیک گۆڕەکەی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمان دوو تەقینەوە روویاندا.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی کاتی تەقینەوەکانی بەمجۆرە بڵاوکردەوە، تەقینەوەی یەکەم کاتژمێر 2:50 خولەکی پاش نیوەڕۆ و تەقینەوەی دووەمیش کاتژمێر 3:17 خولەک بووە
تەقینەوەی یەکەم تەنیا 700 مەتر لە گۆڕەکەی قاسم سولەیمانییەوە دوور بوو، ئەوەی دووەمیان 1000 مەتر، ئەمڕۆ هەزاران کەس لەوێ کۆبوونەوە یادی چوار ساڵەی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیان دەکردەوە کە لەگەڵ مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکی شەوی 3ی کانوونی دووەمی 2020 کوژران.
میدیا ئێرانییەکان سەرەتا وتیان، ئەوەی روویداوە تەقینەوەی بوتڵی غاز بووە، بەڵام دواتر ئاژانسی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێرانی بڵاویکردەوە ”دوو تەقینەوەی تیرۆریسی لە نزیک گۆڕەکەی سولەیمانی روویانداوە، هەردووکیان بۆمب بوون و لەدوورەوە تەقێندراونەتەوە”.
میدیاکان لەزاری بەرپرسانی ئێرانییەوە دەڵێن: ژمارەی کوژراوو بریندارەکان لەوە زیاتر دەبێت کە ئێستا راگەیەندراوە.
قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کاریگەرترین فەرماندە ئێرانییەکان بوو، لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن قسە رۆیشتوو بوو، کاتێک تەرمەکەی برایەوە بۆ ئێران، لەشاری کرمان سەدان هەزار کەس چوون بۆ بەخاکسپاردنی، دەوترا تەنانەت لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی خومەینیش قەرەباڵغتربووە، هەر بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەوە ئەوکات 59 کەس گیانیان لەدەستداو 213 کەس بریندار بوون.