بەشێکیان ناڕازین
پارەی حانوتی قوتابخانەکانی سلێمانی گەڕێندرایەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی بایکۆتی مامۆستایان و نەبوونی دەوام، پەروەردەی سلێمانی بڕیاریدا پارەی خاوەنی حانوتەکان بگەڕێنێتەوە، بەڵام خاوەن حانوتەکان گلەییان هەیە لە گەڕاندنەوەی پارەکانیان.
هیدایەت عەلی نوێنەری حانوتەکانی سلێمانی بە 964ی وت، هەندێک لە خاوەنی حانوتەکان تەواوی پارەکەی داویانە وەریانگرتوەتەوە، ئەو قوتابخانانەی دەوامیان کردوە، بەپێی دەوامی قوتابیەکان پارەیان لێبڕدراوە.
نوێنەری حانوتەکانی سلێمانی ئەوەشی وت، پارەی چونە ناو کێبڕکێی وەرگرتنی حانوتی قوتابخانەکان، کە بۆ هەر کەسێک 350 هەزار دینارە نەگەڕێندراوەتەوە، هاوکات هەندێک لە خاوەنی حانوتەکان پارەکانیان وەرگرتوەتەوە و قوتابخانەکانیان بەجێهێشتووە، بەڵام ئەو بابەتانەی کڕیویانە بووە بە زەرەر بۆیان.
لەو بارەیەوە عومەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە 964ی وت، پارەی خاوەنی حانوتی قوتابخانەکان گەڕێندراوەتەوە بۆیان، تەنیا پارەی ئەو قوتابخانانە نەگەڕێندراوەتەوە دەوامیان تیادایە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد، قوتابخانە هەیە مانگێکە کراوەتەوە، بەڵام پارەی دوو مانگی پێشتری بۆ گەڕێندراوەتەوە، هەندێکیان نیوەی قوتابی دەوام دەکەم پارەی نیوەیان بۆ گەڕێندراوەتەوە.