خولی راهێنەرایەتی دەکاتەوە
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان چوار یانەی سزادا
964+
فەهمی نەبی
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، چوار بڕیاری نوێی سەبارەت بە چوار یانە و چەند یاریزانێک دەرکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.
بڕیارە نوێیەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، سەبارەت بە یانە و یاریزانەکان بەمجۆرە بووە:
1. لە یاری نێوان یانەی هەولێر و یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە گەڕی دوازدەمی خولی نایابی کوردستان، بەهۆی پۆشینی دوو ژمارەی جیاواز 8 و 18 لەلایەن یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر (بژار مەهدی)، ئەمەش پێچەوانەی پەڕاوی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە، دوای پەڵپی یانەی هەولێر بڕیاردرا بە هەژمار کردنی ئەنجامی ( 3 – 0 ) لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر.
2. سەبارەت بە یاری نێوان یانەی رزگاری و یانەی هەڵەبجەی شەهید لە گەڕی شەشەمی خولی پلە یەکی کوردستان، بە هۆی کشانەوە و تەواو نەکردنی یاری لەلایەن یانەی هەڵەبجەی شەهیدەوە بڕیاردرا ئەنجامی یاری (3 – 0) لە بەرژەوەندی یانەی ڕزگاری هەژمار بکرێت، هاوکات بەهۆی هێرشکردن بۆ سەر ناوبژیوان، بڕیاردرا بە راگرتنی یاریزانی ژمارە 17 لە یانەی هەڵەبجەی شەهید (ئەشکان لوقمان) بۆ چوار یاری و پێبژاردنی 250 هەزار دینار.
3. سەبارەت بە یاری نێوان یانەی ئاکرێ و یانەی برایەتی لە گەڕی سێزدەمی خولی نایابی کوردستان، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا بە پێبژاردنی یانەی ئاکرێ بەبڕی 150 هەزار دینار بە هۆی بەکارهێنانی یاری ئاگرین لەلایەن هاندەرەکانیەوە، هاوکات یانەی ئاکرێ کۆتا ئاگادارکردنەوەی پێدراوە، بەهۆی هاتنە ژوورەوەی هاندەرانیان بۆ نێو یاریگا، بە دووبارە بوونەوەی سزای دیکە دەدرێن.
4. لە یاری نێوان یانەی پێشمەرگەی هەولێر و یانەی سیروانی نوێ لە گەڕی سێزدەمی خولی نایابی کوردستان، بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور بۆ راهێنەری یانەی سیروانی نوێ (غەریب محەمەد) بڕیاردرا بە پێبژاردنی ڕاهێنەری ناوبراو بە بڕی 250 هەزار دینار.
لەبارەی ئەو یانانەی سزا دراون، سەرچاوەیەک لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە 964ی راگەیاند، بۆ پابەندی یانەکان بە پێدانی ئەو پارەیەی وەکو سزا دەکەوێتە سەریان، هەر یانەیەک بەر لە دەستپێکی خولی کوردستان دوو ملیۆن دیناری لێ وەردەگیرێت، ئەو پارەیە لە بانک دادەنرێت، کاتێک یانەکە سزا دەدرێت، لەو پارەیە لێیان دەگێڕدرێتەوە.
لەگەڵ ئەو بڕیارانە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئاگاداریەکی بڵاوکردوەتەوە بۆ ئەو یاریزانانەی کە لە هەڵبژاردەی کوردستان یاخود خولی نایاب یان خولی پلەیەکی کوردستان یاریان کردووە و ئارەزووی بەشداریکردنیان لە خولی راهێنەرایەتی هەیە، دەتوانن تا 2.2.2024 سیڤی بنێرن بۆ ئەم ئیمەیلە [email protected]
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیەکی بۆ 964 قسەیکردووە، چانسی زیاتر بۆ ئەو سیڤیانەیە، کە لەسەر خواستی یانەکانە و ئەوان دەیانەوێت یاریزانێک ببێتە راهێنەریان، دواتر چانس بۆ ئەو یاریزانانەیە کە لە خولی پلەیەک و خولی نایاب یاریان کردووە.