"خۆتان تۆماربکەن"
وەزارەتی ناوخۆ لە رێگە بازگەکانەوە رێگە لەهاتنی سیمکارتی قاچاغ دەگرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی رێگری لە هاتنی سیماکارتی قاچاخ بگرێت، نوسراو بۆ بازگە و دەروازەکان دەکات کە تەنیا ئەو “ژمارە کۆدانەی لەلای ئەوان تۆمار دەکری دەتوانرێ داخڵی هەرێمی کوردستان بکرێن”.
بۆیە، وەک هەنگاوی یەکەم دەستیان کردووە بە تۆمارکردنی ناوی بریکارەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 2.1.2024، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ پێگەی فەرمی حکومەت قسەی کردووە و دەڵێت، “کۆمپانیاکان بەر لە هاوردەکردنی سیمکارت، ژمارە کۆد”سێریاڵ نەمبەر”ی سیمکارتەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەنێرن، پاشتر نوسراوی رەزامەندی بۆ داخڵکردنیان دەکەین”.
بەوتەی ئەو بێت، لە پاش رێگەپێدانەکە کۆمپانیا و لایەنی پەیوەست بەرپرس دەبێت لە خاوەندارێتی کردنی ئەو سیمکارتانە و کردن بە ناوی هاوڵاتییەوە، ئەوەشی وت، “بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی نایاسایی سیمکارت، پێویستە هەموو بریکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایل و ئینتەرنێت خۆیان تۆمار بکەن”.