لە نزیک دوزخورماتوو

تەقەمەنی و پاشماوەی مەترسیدار دۆزرانەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە سنووری گوندی بۆستاملی خورماتوو ژمارەیەک چەک و تەقەمەنی و چەند بۆمبێکی چێندراو، کە هی چەکدارانی داعش بوون دۆزراونەوە و لەلایەن لیوایەکی حەشدی شەعبییەوە پووچەڵکرانەوە و تەقێندرانەوە.

عەلی هاشم حوسەینی، وتەبێژی فەرمی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی بە 964ـی وت، “لە دواى ئه‌نجامدانى ئۆپراسێونەکانیان ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە گوندی بۆستاملی سنووری خورماتوو ژمارەیەک مۆڵگەی خۆحەشاردانیان ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتووه‌ و چەندان تەقەمەنیی تێدا بووە”.

دەشڵێت، ئەو تەقەمەنییانە پاشماوەی چەکدارانی داعشن و گومان دەکەن بۆمب و جۆرەکانی تری تەقەمەنی لەو سنوورە هەبێت.

سنووری قەزای خورماتوو زیاتر لە 30 گوندی لەسەرە و تا ئێستا ئۆپراسیۆن بۆ نزیکەی 10 گوند ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبن، ئەمەش بەپێی وتەی عەلی هاشم حوسەینی.

ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌ پێویستى ده‌زانێت ھاوڵاتیان لەو ناوچانە دووربکەونەوە، کە ھێشتا مەترسیی بوونى بۆمب و تەقەمەنییەکانی لێده‌كرێت.
گوندی بۆستاملی بە دووریی سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای دوزخوماتوو و لە ساڵی 2014 ئەو گوندە و زۆرینەیان ماوەی ساڵێک زیاتر لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدا بوون.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد