ماسک و جامانە قەدەغەیە
پۆلیسی کەرکوک: هەر کەسێک روخساری بشارێتەوە لێپێچینەوەی لێدەکرێت
964+
ژووری هەواڵ
پۆلیسی کەرکوک بڕیاریدا، لە شوێنە گشتییەکانی شارەکە بەکارهێنانی هەر جۆرێک لە ماسک کە دەبێتە هۆی شاردنەوەی دەموچاو، قەدەغەبکرێت.
ئەمڕۆ هەینی 29.12.2023، کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، هەرکەسێک روخساری دابپۆشێت لە رێگەی کلێتە و جەمانە و ماسک و دەموچاوی دیار نەبێت، رێوشوێنی یاسایی بەرامەبەر دەگیرێتەبەر.
“ئەم بڕیارەمان بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکەیە و ئەو کەسەی روخساری دەشارێتەوە دەستگیر ناکرێت، تەنیا لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”، کاوە غەریب وای وت.
ئەمەش دوای ئەوەدێت دوێنێ پێنجشەممە، له نزیك بازاڕی لهنگه، لەسەر پردی خەبات نزیک قەڵای کەرکوک، چەکدارێکی دەمامکدار دوو کارمەندی پۆلیسی کردە ئامانج و یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوی دیکە بەسەختی برینداربوو.
لە رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا، بە تەقەی چەکدارەکە ژنێکیش بریندار بوو کە بۆ بازاڕیکردن لەو شوێنە بوو.