كاره‌باى كه‌م و رێگاوبانى خراپ
گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى هۆشدارى ده‌ده‌ن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
گونده‌كانى دۆڵى جافایه‌تى سه‌ر به ناحیه‌ى سورداشی قه‌زاى دوكان، ناڕازین له خزمه‌تگوزارى بۆ سنووره‌كه‌یان و به تایبه‌تیش ده‌ڵێن “كاره‌بامان كه‌مه و رێگاوبانیشمان خراپن”.
له یاداشتێكی ناڕەزایەتیدا دانیشتووانی سەرجەم گوندەکانی ئه‌م دۆڵە، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، دۆخی کارەبا لە گونده‌كانیاندا بە جۆرێک خراپە، کە کەمترین ئیرەیی پێنابرێت و خۆزگەی پێناخوازرێت.
ده‌ڵێن “ئێمە وەک دانیشتووانی ناوچەی دۆڵی جافایەتی کە چەندین گوندن و هەزاران كه‌سی لێده‌ژیت، لە ئەگەری بە دەمەوەنەهاتنی داواکاریی دۆڵی جافایەتی بۆ باشکردنی دۆخی کارەبا بە هیچ شێوەیەک لای ئێمە باسوخواسی هەڵبژاردن نابێت و بایکۆت بژاردەمان دەبێت”.
هاوڕێ ره‌حمان، دانیشتووى گوندى چاڵاو له دۆڵى جافایه‌تى، به 964ـى وت، خه‌ڵكی سنووره‌كه‌یان له‌به‌ر بێ كاره‌بایی بێزار بوونه و خراپی رێگاوبانه‌كانیشیان كێشه‌یه‌كی دیكه‌یانه.
وتیشی “ئێستا له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا ته‌نیا هه‌شت سەعات كاره‌مان پێده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش گه‌ورترین كێشه‌ى بۆ دۆڵى جافایه‌تى دروستكردووه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كاتێك پێوه‌رى زیره‌كیان بۆ به‌ستوون پێیان وتراوه له‌مه‌ودوا 20 تا 24 كاتژمێر كاره‌بایان ده‌بێت، به‌ڵام هاوڕێ ده‌ڵێت “قسه‌كه‌یان واده‌رنه‌چووه”.
باسی له‌وه‌ش كرد، چەندین ساڵە چ بە سەردانی بەرپرسان و چ بە نووسین و داواکاری دۆخی خراپی کارەبایان گەیاندووە و به‌ڵام بەداخەوە هیچیان بۆ نه‌كراوه.
وتیشی، چاوه‌ڕێى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانن ئه‌مجاره به‌ده‌م ئه‌و یاداشته‌یانەوە بێن، چونكه ده‌ڵێت “ئەگەر داواکارییەکەمان چارەسەر نەکرێت هەڵوێستی دیکەمان دەبێت”.