600 خێزان لە رێگەی یەکێتی زانایان جیابونەتەوە
+964
فەهمی نەبی – هەولێر
بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵێکدا سێ هەزار و 148 کەیسی کێشەی خێزانی سەردانیان کردوون و لەو ژمارەیە هەزار و 604 کەیس، بەجیابوونەوە کۆتایی هاتووە.
عەبدوڵلا شێرەکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان، بە +964ی وت “بەشێکی زۆری ئەو کێشانە بەر لەوەی بچنە دادگا دێن بۆ لای ئێمە، ئەوکاتەی کێشەکەیان یەکلایی بویەوە نووسراویان بۆ دەکەین بۆ دادگا و لەوێ پەسەند دەکرێت و کارەکەیان بۆ رایی دەکەن”.
لە ماوەی ساڵی رابردوو، ئەو کەسانەی بۆ پرسیاری شەرعی روویان لە لقەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا کردووە دوو هەزار و 420 کەس بووە، هاوکات 713 کێشەی میرات و زەوی و زاری چارەسەرکردووە.
هەر بەپێی ئامارەکە ئەنجومەنی باڵای فەتوا، 615 کێشەی خێزانی و مامەڵەی بازرگانی کڕین و فرۆشتنی چارەسەر کردووە، عەبدوڵلا شێرەکاوەیی دەڵێت، “لەو ژمارەیە چهند حاڵهتێكی زویربوونی ژن و مێرد ههن “.
خستنەڕووی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە، تا بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئاماری ساڵی 2022 یان بڵاونەکردۆتەوە.
یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان لە 21ی ئەیلولی 1970 دامەزراوە، و 18 لقی هەیە و لەسەرجەم لقەکانی ئەو رێکخراوە لیژنەی فەتوا هەیە.