لە ناحیەى سیروان روویداوە
دوو مێردمنداڵ سەگێکیان لەسێدارە دا
964+
وریا فەتاح
بە هۆى ئەوەى مریشک و پەلەوەرەکانى خواردوون، دوو مێردمنداڵ لە ناحیەى سیروان سەگێکیان لە سێدارە دا و پۆلیسیش تا ساڵى نوێ هەردووکیانى خستە زیندانەوە.
درەنگانێکى شەوى رابردوو، دیمەنى هەڵواسینى سەگێک کە پەت خرابوویە ملییەوە و لەسەر رێگاى گشتیى ناحیەى سیروان بە دارێک هەڵواسرابوو، پۆلیسى دارستانى گەیاندە شوێنەکە.
بە وتەى هەڤاڵ محەمەد، لە راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى ژینگە و دارستانى هەڵەبجە، کە بۆ 964 قسەى کردووە، دواى وەرگرتنى بڕیارى دادوەر، دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنى تۆمەتباران.
“ئەمڕۆ دووشەممە ئەو دوو کەسەى دەستگیرکراون، کە دوو مێردمنداڵى تەمەن 16 ساڵانن و دانیان بە تاوانەکەداناوە، وتوویانە سەگەکە، مریشک و پەلەورەکانى خواردوون بۆیە لە تۆڵەى ئەوە خنکاندومانە”. هەڤاڵ محەمەد واى وت.
دوو مێردمنداڵەکە، بە بڕیارى دادوەر تا 2.1.2024 راگیراون و رووبەڕوى دادگا دەکرێنەوە.
964 لە رووى یاساییەوە بەدواداچونى بۆ بابەتەکە کرد و دەرکەوت، بە پێى یاساى ژمارە 14ى ساڵى 2022، یاساى رێکخستن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵانى ماڵى و بێلانە، مادەى حەوت بڕگەى دووەم، هاتووە، ئەگەر کەسێک بە ئەنقەست و بە ناڕەوایى ئاژەڵى ماڵى یان بێلانە بکوژێت، بە بەندکردن بۆماوەیەک، کە لە یەک مانگ کەمتر نەبێت یان بە پێبژاردنێک، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
هەر لە یاساکەدا هاتووە، ئەگەر کوشتنەکە بە رێگایەکى دڕندانەبێت، دەچێتە خانەى سزادانى توندەوە.